هه‌واڵ

تۆمەتباری سووتانی کۆگاکەی ناوچەی پیشەسازی باکور دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای دەکات، سووتانی کۆگاکەی ناوچەی پیشەسازی باکور بەئەنقەست بووە و تۆمەتباری ڕووداوەکەش دەستگیر کراوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، ١٠ی ئازاری ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانی ئاسایش لەسەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی کۆگایەک لە ناوچەی پیشەسازی باکور لە شاری هەولێر، دەرکەوتووە کە ڕووداوەکە بە ئەنقەست بووە، نەک شۆرتی کارەبا، کە لە سەرەتادا وا ڕاگەیەندرا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە شۆرتی کارەبا بووە.

ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دوای ئەوە دێت، کە لە ڕێککەوتی ٩ی ئازاری ٢٠٢٤، ئاگرێک لە کۆگای کۆمپانیای دیکۆراس لە ناوچەی پیشەسازی باکور لە شاری هەولێر کەوتەوە و زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، لەمیانەی بەدواداچوونەکاندا ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بووە و دواتر بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکە بەناوی (ف. ح. ع) دەستگیر کراوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە تۆمەتبار لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوە، ئاسایشی هەولێر ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا پیاوێک دەردەکەوێت لەکاتی سووتاندنی کۆگاکەدا و دواتر بە دەستگیرکراوی لەلایەن ئاسایشەوە پیشان دەدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...