هه‌واڵ

لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی قەیسەری هەولێر کۆدەکرێتەوە

لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، واژۆ بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی پەرلەمانی، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر کۆدەکرێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەباح سوبحی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەم، ٩ی ئایاری ٢٠٢٤، لە میانەی دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە، بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی پەرلەمانی، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو دووکاندارانەی لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر زیانمەند بوون.

شەوی ٥/٦ی ئایاری ٢٠٢٤، ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە، (٢٢٧) دوکان و (٧) کۆگایی بازاڕی قەیسەری سووتان و زیانیان پێگەیشت.

بەگوێرەی ئەو لیستەی لەلایەن ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە ٥٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە.

هێشتا هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکە دیار نییە، لە یەکەم ڕۆژی دوای ڕووداوەکە، لێژنەیەکی وەزارەتی کارەبا سەردانی مەیدانیان بۆ بازاڕەکە کرد و لە ڕاپۆرتی سەرەتایی لێژنەکەدا هاتووە، کە هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە، ڕووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە دروست بووبێت، ئەوەش گومانی زیاتری دروست کرد، لەوەی بەدەستی ئەنقەست ئاگر لە بازاڕەکە بەردرابێت. لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٨ی ئایاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، جەخت لە پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە کرایەوە.

ئەگەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر، وەک حالەتێکی فریاگوزاری و کارەساتە سروشتییەکان وەربگیرێت، بڕی ٥٠٠ ملیار دینار لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، تەرخانکراوە بۆ حاڵەتەکانی فریاگوزاری و کارەساتە سروشتییەکان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...