ئابووریسیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە نۆ ترلیۆن دیناری لە شایستە داراییەکانی هەرێم نەناردووە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەغدا زیاتر لە نۆ ترلیۆن دیناری شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و ئاشکرایشی دەکات بڕی ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم ڕادەستی عێراق کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لە بەغداوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە و شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت بدرێت.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وردەكاریی پارەی فیعلی ڕەوانەكراوی لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو كردووەتەوە و بەپێی ئەو زانیارییە فەرمییانە، نۆ ترلیۆن و ٣٧٨ ملیار دینار لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.

لە داتا فەرمییەكەدا هاتووە کۆی گشتیی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە پێشبینی دەکرا وەک پارەی مانگانە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بدرێت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ١٦ ترلیۆن و ٤٩٧ ملیار دینار بووە.

لە ڕووی پارەداركردنی هەرێم وەک شایستەی خۆی لە بودجە و ئەو قەرزانەی لە ٢٠٢٣ بە هەرێمی کوردستان دراوه لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە: ئەو بڕە پارانەی حکوومەتی فیدڕاڵ بەپێی پشکی خۆی لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵی داویەتی بە حکوومەتی هەرێم، ٩٩٨ ملیار دینار بووە. ئەو بڕەپارانەی وەک قەرز لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە دراوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ کە بە پێنج بەش نێردراوە، سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار بووە.

لەبارەی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان، لە داهاتەكانی فیدڕاڵی لە هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٣، داهاتە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێم کە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیی عێراق، داهاتی سافی بەدەست هاتوون تا ئەوکاتەی هەناردەکردن وەستاوە لە ٢٥ ی ئازاری ٢٠٢٣، واتە دوای پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەم ژمارە و داتایانە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی وردبینی دیلۆیتەوە وردبینییان لەسەر کراوە، بەپێی ڕاپۆرتی پەسەندکراوی دیلۆیت، ترلیۆنێك و ٦٩٣ ملیار دینار بووە.

هەروەها داهاتی دەروازە سنوورییەکان: ڕێژەی ٥٠٪ی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، كە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی ٢١/ دووەم، یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی ژمارە ١٣ ساڵی ٢٠٢٣، هەروەها ماددەی ٢٩ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩، بڕی ٧٢٨ ملیار دینار بووە.

بەوەش کۆی ئەو بڕەپارانەی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی (خەرجکردنی بەشێک لە شایستەکانی حکوومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، قەرزەکان، پشکی حکوومەتی هەرێم لە داهاتە فیدڕاڵییە نانەوتییەکان و داهاتی سافیی نەوتی حکوومەتی هەرێم تا ڕێککەوتی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ٢٥ ی ٣ ی ٢٠٢٣، دوای دانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە) بریتی بووە لە حەوت ترلیۆن و ١١٩ ملیار دینار.

تێكڕای بڕی ماوه لە پشكی هەرێم بۆ ساڵی٢٠٢٣ كە لە ئەستۆی حکوومەتی فیدڕاڵە و تا ئێستا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، نۆ ترلیۆن و ٣٧٨ ملیار دینارە.

 

لەگەڵ بوونی ئەم تێبنییانە:

 

١- سەبارەت بە شایستەکان لە پشکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکردنی خەرجییە حاکمییەکانی، ئەو خەرجییانە بە پارەی نەختینەیی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵکوو بە شێوەی کەلوپەل هەژمار دەكرێن، هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان شایستە تەواوەکانی وەرنەگرتووە لە بەشەخۆراک و بابەتی دەرمان (داتا و زانیارییەکان لە وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەستن).

 

٢- تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکی شایستە لە خەرجییە سەروەرییەکان بە تەرخانکراوی مووچەی پێشمەرگەشەوە نەدراوە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 

٣ – وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ تا ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بڕی ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵ کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لەلایەن وەزارەتی فیدڕاڵییەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە ڕادەستکراوانە بدرێت و نەدانی شایستەی کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

 

٤ – داهات و خەرجییەکانی نەوتی و نانەوتی بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وردبینییان بۆ کرا و هەماهەنگییەکان لە ئێستادا بەردەوامن، لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و حکوومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی وردبینی شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ و ڕاپۆرتێک پێشکەش کرا. ئەنجامی کۆتایی وردبینی بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ حکوومەتی فیدڕاڵی ڕاپۆرت دەکرێت.

 

٥ – سەرجەم تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەرجەم یەکەکانی ناو وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە حکوومەتی هەرێم ئاڕاستەی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی کراوە.

 

٦- وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ـەوە زیانی زۆری بە گەنجینەی فیدڕاڵی گەیاندووە و هەروەها زیانی گەورەی بە کۆمپانیا نەوتییەکانیش گەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؛ زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...