هه‌واڵ

ڕاپەڕین: زیاتر لە هەزار کیلۆ خورما و شیرینی خراپ دەستی بەسەرداگیرا

لەماوەی دوو ڕۆژدا، زیاتر لە هەزار کیلۆ خورمای خراپ و شیرینی تێکچوو، لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەستی بەسەردا گیراوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکانی قایمقامیەتی قەزای ڕانیە، لەماوەی دوو ڕۆژدا، زیاتر لە هەزار کیلۆ خورمای خراپ و شیرینی تێکچوو لەلایەن لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و بەشی ئابووری ئاسایشی ڕاپەڕین دەستی بەسەرداگیراوە، کە خاوەنەکانیان دەیانویست لە بازاڕدا ساخی بکەنەوە.

دوێنێ چوارشەم، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٣، قایمقامیەتی قەزای ڕانیە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی گەڕان و بەسەرکردنەوەی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی ڕانیە و بەشی ئابووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستیان بەسەر ١٧٠ کیلۆ خورمای خراپدا گرتووە، کە شیاوی خواردن نەبووە. هاوکات ٥٠ کیلۆ خورما و شیرینی دیکەی خراپ لە دوو کۆگادا دەستی بەسەرداگیراوە، کە بەشێوەی نادروست هەڵگیراوە و شیاوی خواردن نەبووە.

دواتر قایمقامیەتی قەزای ڕانیە، دەستگرتن بەسەر ٣٠٠ کیلۆ خورما و شیرینی خراپی لە دوو کۆگای دیکەدا ڕاگەیاند. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە خورما و شیرینییە خراپەکە لە دوو کۆگای گەڕەکی قەڵات لە ڕانیە دەستیان بەسەرداگیراوە.

لەلایەکی دیکە، ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٤ی ئازاری ٢٠٢٤، قایمقامیەتی قەزای ڕانیە، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی سەردانێکی لێژنە هاوبەشەکان و بەشی ئابووری ئاسایشی ڕاپەڕین بۆ شارەدێی چوارقوڕنە، دەستیان بەسەر نزیکەی ٥٠٠ کیلۆ خورمای خراپبوودا گرتووە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، لەلایەن هەمان لێژنە هاوبەشەکانەوە دوو کارگەی شیرینی لە سنورەکە؛ کارگەی شیرینی وەستا قادر لە ڕانیە و کارگەی شیرینی هانی لە چوارقوڕنە بڕیاری داخستنیان دراوە، بەهۆی نەبوونی مەرجی کارکردن و نەبوونی مۆڵەتی تەندروستی و کارتی تەندروستییەوە.

لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا، ڕۆژووگران بەشێوەیەکی بەرفرەوان ڕوو لە کڕینی خورما و شیرینی دەکەن، ئەوەش مەترسی ساخکردنەوەی خواردنی خراپ و تێکچوو زیاتر دەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...