هه‌واڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا: هەنگاوەکانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان دەستیپێکرد

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەنگاوەکانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەشەکانی زانکۆ حکوومییەکان ڕادەگەیەنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر بەشە زانستییەکان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنی (2017 – 2018) تاکو (2022 – 2023) بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ڕاسپاردەی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەسەرپەرشتی د. توانا نەجەف محەمەدخان بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەری تۆماری زانکۆکان بەڕێوەچوو، لە دەستپێکدا د. توانا نەجەف ڕایگەیاند: سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی بە ژمارە (1928) لە ڕێککەوتی (2024/4/25) ئاڕاستە کردوون، بۆ ئەوەی داتا و زانیاری تەواو لەبارەی سێ یەکەمی زانکۆکان ئامادە بکەن و دواتر ڕەوانەی بەغدای بکەن بەمەبەستی دامەزراندنیان، بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە لەسەر سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەی پێنچ ڕۆژی کارکردندا تەواوی زانیارییەکان وەک لە خشتەی دیاریکراودا هاتووە و تایبەتە بە سێ یەکەمەکانی سەر بەشە زانستییەکان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنی (2017 – 2018) تاوەکوو (2022 – 2023)  بە لیستی جیا بەرز بکەنەوە بۆ وەزارەت.

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ڕایگەیاند: “دامەزراندنی سێ یەکەمەکان بەئەرکی لە پێشینەی خۆمان دەزانین و لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەموو هەوڵێکی خۆی لەو بوارەدا خستۆتەگەڕ، چونکە ئەوە مافێکی یاسایی و ئاسایی خۆیانە”.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی، لە چەند ڕۆژی ڕابرودودا لیستی ناوی (1982) وانەبێژیان لە زانکۆکانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کردووە بۆ دامەزراندن، بەهەمان شێوە پێشتریش لیستی ناوی (980) لە هەڵگرانی ماستەر و دکتۆرایان ڕەوانەی بەغدا کردووە بە مەبەستی دامەزراندن، بۆ ئەمەش بەغدا ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی (226) کەسیان نیشانداوە کە لە دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوە جگە لە دامەزراندنی (2075) سێ یەکەمەکان و (2626) بەشە پزیشکییەکان لە بەغدا، کە بەهەمان شێوە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون.

گوتیشی، لە هەرێمی کوردستان، ساڵانی ڕابردوو بە هەوڵەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی توانرا سێ یەکەمەکانی ساڵانی (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنین، کە ژمارەیان (2842) یەکەم و دووەم و سێیەم بووە، هیواشی خواست لەم هەوڵەشیاندا سەرکەوتوو بن و بتوانن مافی سەرەتایی سێ یەکەمەکان دابین بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...