هه‌واڵ

مەسرور بارزانی جەخت لە بەردەوامی پڕۆژەی (هەژماری من) دەکاتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی (هەژماری من) دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی  و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بغدا (مصرف بغداد) و بانکی ئوردنی کوەیتی کرد بە سەرۆکایەتی ماجید ئەلساعدی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم: “لە کۆبوونەوەکەدا کە عەبدولکەریم ئەلکەباریتی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئوردن و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی بەغدا بەشداربوو، گفتوگۆ لەبارەی دەرفەتەکانی ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا لە پێناو پێشخستنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان”.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: “سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری سیستەمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی. هەروەها باسی لە بەردەوامبوونی پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە چەند دەستپێشخەرییەکی پەیوەندیدار بە پێشخستنی سیستەمی بانکی بە هەماهەنگی  و بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق”.

حکوومەتی هەرێم دەڵێ: “شاندەکە سەرسامی خۆیان بەرانبەر ئاستی پێشڤەچوونی پڕۆژەی (هەژماری من) و دیدگای سەرۆکی حکوومەت لەبارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و پێشخستنی سیستەمی بانکی نیشاندا. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی بانکیدا”.

بانکی بەغدا، یەکێکە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانی عێراق و یەکەمین بانکە لە عێراقدا کە لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنی پێدرا. بانکی ئوردنی کوەیتی، بانکێکی ئوردنییە و لە چەندین وڵاتی عەڕەبی لقی هەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...