حزبی شیوعی: لەسەرەتاوە دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووین
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤، مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: “لەسەرەتاوە ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووین و دوای بڕیارەكانی دادگەی ئیتحادیش تێبینی ڕەخنەگرانەمان لەمەڕ بڕیارەكانی هەبووە بۆ سیستەمی بازنەکردن”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەنووكەش لەدەست حزبی شیوعی نییە هەڵبژاردن بكرێت یان نەكرێت، ئەگەریش لەهەركاتێكشدا هەڵبژاردن سازكرا ئێمە بەشداری تێدا دەكەین”.
ئەو ڕاگەیەندراوەی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، دوای ئەوە دێت، کە هەر ئەمڕۆ دووشەم، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە، کە بڕیارە لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت.