هه‌واڵ

گوتەبێژی حکوومەت بەتوندی وەڵامی سەرۆکی یەکێتی دەداتەوە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی وەڵامی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە، دوابەدوای ڕاگەیاندنی پاڵپشتی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق.

 

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕایگەیاند: ئەوانەی لە کوردستان پشتگیریی دادگای فیدڕاڵی دەکەن، “لەبەر ئەوەیە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات. بەڵام پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کە خۆفرۆشان لایان گرنگ نییە چەند مافی دەستووریی کوردستان بە دەستەوە دەدەن”.

گوتەکانی پێشەوا هەورامانی، دوابەدوای ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دێت لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی، هەر لەڕێگەی نووسینێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گوتبووی: “پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش ڕەتدەکەینەوە بەرانبەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، کە دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەییە کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستەمی سیاسی لە عێراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لە قوڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە“.

گوتەبێژەکەی حکوومەتی هەرێم، کە دادگای فیدڕاڵی بە “نادەستوری و نافیدڕاڵی” ناوبردووە، دەڵێ: “ئێمە هەموومان لەگەڵ سەروەریی یاسا و دادگایەکی بێلایەن و دەستوورین، بەڵام تا ئێستا بەپێی دەستور، عێراق دادگایەکی دەستووری نییە و ئەو دادگایە بە نادەستووری بەردەوامە و بڕیارەکانیشی نایاسایی و نادەستوورین”.

زیاتر دەڵێ: “بەهۆی ئەوەی ئەم بەناو دادگایە لە بەرژەوەندیی ئەوان و دژی حکومەت بریار دەدات مافی دەستووریی هەرێم پێشێل بکرێت، کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بەرانبەر بە خاکفرۆش و ماففرۆشان هەڵوێستی جیددی وەرگرن و ڕووبەڕوویان ببنەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...