هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەوڵەکانیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێکردووە.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەکردن بە تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ڕێککەوتن، بەڵام “وێڕای ئەم ڕێککەوتنەش ھەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە و، بەھۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پرۆسەکە زیاتر ئاڵۆز کراوە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “پیشەسازیی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی وەبەرھێنانی دەرەکی و بەبێ خەرجکردنی یەک دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، کەچی لە یاسای بودجەدا بە ھاوشێوەی ئەو پیشەسازیەی نەوتی عێراق ھەژمارکراوە، کە لەسەر ملیارەھا دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە”. زیاتر دەڵێ: “ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرھەمھێنان و گواستنەوە)ی نەوتی ھەرێم تەرخانکراوە، بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرھەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ناگونجێت”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا باس لەوە کراوە: “حکوومەتی ھەرێم لە سونگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێت شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت بداتەوە”.

ئەوەش هاتووە: “نەوتی ھەرێم تەنیا لە (١٠٪)ی نەوتی ھەناردەکراوی عێراق پێک دەھێنا و داھاتی ئەم نەوتە تەنیا بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. ھەر لە دوای ڕاگرتنی ھەناردنی نەوتی ھەرێم، ھەرێمی کوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێکی دارایی توندەوە، کە بەھۆیەوە پێدانی مووچەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم دواکەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن دەدرا”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەروەها دەڵێ: “بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵی ھەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش  ھەردوو وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...