شرۆڤه‌كه‌لتوور

لە پێشوازی ڕۆژی جیهانی شانۆدا

پەیوەندی نێوان شەڕ و هونەر وەك پەیوەندی نێوان شەڕ و ئاشتی وایە؛

٢٧ی ئاداری هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانی شانۆیە. بیرۆكەی یادكردنەوەی ساڵڕۆژی جیهانی شانۆ بۆ ساڵی ١٩٦١ دەگەڕێتەوە، كاتێك كۆنگرەی پەیمانگای نێودەوڵەتی شانۆ، سەر بە یونسكۆ، لە شاری ڤییەنا بەسترا و تیایدا بڕیاردرا ٢٧ی ئاداری هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانی شانۆ بێت.

لەم ڕۆژەدا لە بەشێكی زۆری ناوەندەكانی ئەم پەیمانگەیە لە جیهاندا چالاكی هونەری بە بەشداری زانكو و ئەكادیمییە هونەرییەكان ساز دەكرێت و شانۆكاران و هەوادارانی شانۆ تیایدا بەشداردەبن و جەخت لەسەر سوپاسگوزاری خۆیان بۆ ڕۆڵی شانۆ لە ژیانیان و ئەو خۆشییە مەزنەی كە پێیان دەبەخشێت دەكەنەوە. لەم ڕۆژەدا شانۆكاران لە وڵاتانی جیهاندا لە ڕێگای فیستڤاڵی هونەری و نمایشی شانۆیی و سیمنار و كۆڕبەستن، ئەزموونی هەمەچەشن و هەمەجۆر لەگەڵ یەكتر ئاڵوگۆڕ دەكەن و چالاكییە شانۆییەكانیان بە هەلێك بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵك و هەوادارانیان و خستەڕووی بۆچوونەكانیان بە فۆڕمێكی جوان، دادەنێن.

هەرچەندە شانۆ هەر لە سەرەتاوە وەك چالاكییەكی دەربڕینی مرۆڤ پشتی بە ئاخافتن بەستووە، بەڵام ئەم هونەری ئاخافتنە زۆر زوو لەگەڵ شێوازەكانی دیكەی هونەر وەك سەما و گۆرانی و سروود و جوڵە و دەربڕینی جەستە تێكەڵ بوو، هەر بۆیە شانۆ بەشێكە لە هونەرە جوانەكان.

لەلایەكی دیكەوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و تێكەڵبوون و ئاڵوگۆڕكردن و شێوازی هەڵوێست دەربڕین لە نێوان شانۆ و فەلسەفە هەیە، ئەمەش بۆ خودی شوناسی شانۆ دەگەڕێتەوە، كە پێگە و وێستگەیەكی زمانی و مەعریفی و ئەدەبی و تەكنیكییە و لە توانایدایە كۆمەڵێك چەمك بخاتەڕوو، كە پەیوەندییان بە ژیان و سروشت و مێژوو و مرۆڤەوە هەیە، بە جۆرێك زۆر جار ناكرێت هێڵی دابڕین لە نێوان فەلسەفە و كرۆكی دەقی شانۆیی دابنرێت، بۆیە دەبینین بەشێكی زۆر لە فەیلەسوفەكان لە ڕێگای شانۆوە چەمكە فەلسەفییەكانی خۆیانیان خستووەتەڕوو.

هەرچەندە مێژووی شانۆ لە مێژووی فەلسەفە كۆنترە، بەڵام لەگەڵ گەڵاڵەبوونی چەمكە سەرەتاییەكانی هزر، فەلسەفە ڕۆڵێكی گرنگی لەسەر قوڵكردنەوەی كاری شانۆیی و دەوڵەمەندكردنی ناوەڕۆكی بابەتەكانی و خستەڕووی چارەسەری گرفتە ئاڵۆزەكان لە دەقە شانۆییەكان بینیوە. لە هەمان كاتدا قوتابخانەكانی شانۆ بە شێوەیەكی فەلسەفی دابەشبوونە و دەقی شانۆیی توانیویەتی چەمكە فەلسەفییەكان لە ئامێزبگرێت و ڕەنگێكی جوان بە چەمكە مرۆییەكانی فەلسەفە، كە دەربڕی ئازار و خواست و هیوای مرۆڤ بێت، ببەخشێت و لە پانتایی هۆڵی شانۆی كراوە و داخراودا و بە شێوازی جۆراجۆر ئەو بۆچوون و چەمكانە، كە پەیوەندییان بە ژیانەوە هەیە، بە فرەوانترین بینەر بگەیەنێت.

جگە لە فەلسەفە، شانۆ پەیوەندی توندوتۆڵ و ئۆرگانی بە ژیانەوە هەیە و دەربڕی واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و مێژووە و كرۆكی ویژدانی مرۆڤە، كە لە ڕێگای جوڵە و ئاخافتن و سەما و سیگناڵ دەخرێنەڕوو.

جگە لە چێژ و خۆشی كە شانۆ بە مرۆڤی دەبەخشێت، شانۆ بوارێكی زیندووی دەربڕینی بۆچوونی سیاسی بووە و زۆرجار لە ڕێگای شانۆوە بانگەشە بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی كراوە، بە جۆرێك شانۆ چەكێكی گرنگی تێكۆشان بووە، بەتایبەتی لەمەڕ گەلانی تێكۆشەر بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، لەوانەش گەلی كوردستان، كە هەردەم شانۆ و كاری هونەری چەكێكی بەرەنگاری لە خود و بۆ تێكۆشان دژ بە دیكتاتۆری و دیاردە نامۆكان و سەرجەم ئەو كار و ڕەفتارانە بووە کە مرۆڤی چەوساندووەتەوە.

ئەركی شانۆی زیندوو و كارا لە ناو كۆمەڵگادا هەردەم لەگەڵ چالاكییەكانی مرۆڤ و گۆڕانكارییەكاندا هەنگاو دەنێت و، لە كرۆكی ناكۆكی و ململانییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان جیاناكرێتەوە، لە هەمان كاتدا بیركردنەوە لە پڕۆسەی گەشەپێدان و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی بەبێ گرنگیدان بە بوونی شانۆیەكی كارا و بایەخدان بە سەرجەم بوارەكانی هونەر، نایەتەدی.

لەم ڕوانگەیەوە بایەخدان بە ڕۆڵی شانۆ لە كوردستاندا و كاركردن بۆ پشتگیركردنی تیپە شانۆییەكان و سەرجەم شانۆكاران ئەو بوارە گرنگەیە، كە هەر لایەنێكی خۆ بە بەرپرسیارزان بەرانبەر ئەركی نیشتمانی كوردستانی و پێشكەوتنی كۆمەڵگا، پێویستە لە ئەجێندای كارەكانی بێت و لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا شانۆی كوردستان ببێتە سەنگەری بەرەنگاربوونەوە بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان و بانگەشەكردن بۆ یەكڕیزی گەل و پاراستنی ئازادییەكان و داكۆكی لە مافی ژنان و بڵاوكردنەوەی بەها و نەریت و كەلتووری مەدەنی و بەیەكەوەژیان.

ئەم ئاڕاستەیە پێویستی بە بەستنی كۆنگرەی ساڵانەی شانۆكارانی كوردستان هەیە، كە تیایدا دەستەیەكی سەرپەرشتی بۆ چالاكی شانۆیی و بەرنامە بۆ گەشەپێدانی شانۆ و ئەنجامدانی فیستیڤاڵی ساڵانەی شانۆ لە كوردستاندا دابنێن و كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ شانۆكارانی جیهان بكەن و ڕۆژی شانۆی كوردستان ڕابگەیەنن و لەو ڕۆژەدا ساڵانە پەیامی هونەرمەندانی شانۆیی كوردستان بە كوردستانیان و جیهان بگەیەنن.

لە ڕۆژی جیهانی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ پەیامی ڕۆژی جیهانی شانۆ بە نووسەری نەرویجی یۆن فووسە سپێردرا. یۆن فووسە خاوەنی بەرهەمێكی زۆرە لە بواری شانۆ و وەرگێڕان و كتێب بۆ منداڵان و بەرهەمەكانی بۆ زیاتر لە پەنجا زمان وەرگێڕدراون و لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەب وەرگرتووە.

 

لە پەیامەكەی ڕۆژی جیهانی شانۆدا هاتووە:

هەر كەسێك تایبەتمەندی خۆی هەیە و لەهەمان كاتدا لە كەسێكی دیكە دەچێت. جیاوازی لە ڕوواڵەت و كەسایەتی هەر كەسێك ڕوونە، بەڵام لە دەروون و ناوەوەی هەر كەسێك شتێك هەیە لە كەسی دیكەی جیادەكاتەوە، بەڵام هەرچەندە جیاوازین ئێمە لە یەكتر دەچین.

خەڵك لە هەموو جیهاندا هەرچەند ئەو زمانەی قسەی پێدەكەن و ڕەنگی پێست و قژیان جیاوازە، بەڵام لەیەكتر دەچن. لەوانەیە پرادۆكس بێت كە ئێمە لە یەك دەچین و لە هەمان كاتدا جیاوازین، لەوەش دەچێت مرۆڤ لە ناوەڕۆكدا لەگەڵ خۆیدا ناكۆك بێت، بەڵام هونەر؛ هونەری باش بە شێوازی موعجیزەئاسا لە تێكەڵكردنی ناوازە و نامۆكان سەركەوتوو دەبێت. هونەر بە شێوەیەكی گشتگیر سنوور و وڵاتان دەبەزێنێت و توانای هەیە نەك تایبەتمەندییەكانی هەر تاكە كەسێك، بەڵكو تایبەتمەنییەكانی كۆمەڵە كەسێك و نەتەوەیەك بخاتەڕوو.

لە پەیامەكەدا نووسەر ئاماژە بە مەترسی شەڕ لەسەر هونەر دەكات و دەنووسێت:

شەڕ ململانێیە دژ بەوەی لە قوڵایی ناوماندایە و، دژ بە تایبەتمەندییەكانە. شەڕ دژ بە هونەرە و دژ بە كرۆكی هەموو هونەرێكی باشە…. من لێرەدا باس لە هەموو هونەرێك دەكەم نەك تەنیا هونەری شانۆ… شەڕ لەگەڵ هونەر ناكۆكە هەروەكوو چۆن شەڕ لەگەڵ ئاشتی ناكۆكە.

 

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button