هه‌واڵ

هێمن هەورامی: بەشداری هەڵبژاردنێک ناکەین بۆ تێکدانی کوردستان و شکاندنی پارتی بێت

هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “بەشداری ھەڵبژاردنێک نابین پێشوەختە بۆ تێکدانی ھەرێمی کوردستان و شکاندنی پارتی دیزاین کرابێت”.

 

ئەو گوتانەی هێمن هەورامی، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مانۆج ماتیو بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و شیکاری یۆنامی لە عێراق هات، کە ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤، لە پیرمام پێشوازی لە بەڕێوەبەرەکەی یۆنامی کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کە میدیای فەرمی پارتی بڵاویکردووەتەوە، “لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی بە ڕوونی ڕوانگە و ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر دۆخی سیاسی و بڕیارە نادەستوورییەکانی دادگای فیدڕاڵی بۆ شیکردەوە”.

هێمن هەورامی لە بارەی ھەڵبژاردنەکانەوە گوتی: “لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا وەک پارتی ھەموو ھەوڵێکماندا ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام لایەنی دیکە ڕێگرییان دەکرد و پەنایان بۆ دادگای نادەستووری برد و لەوێشەوە بڕیاری سیاسی نەک یاسایی بەرانبەر ھەرێمی کوردستان دەردەکرا و گوشاری ئابووری و برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پەلاماری درۆن و مووشەکیان بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ھەولێر بە تایبەتی بەکاردەھێنا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتیمان بە ڕوونی بۆی شیکردنەوە، کە بەشداری ھەڵبژاردنێک نابین پێشوەختە وەھا دیزاین کرا بێت بۆ تێکدانی ھەرێمی کوردستان و شکاندنی پارتی بێت، هەروەها لە ڕێگای دادگایەکی نادەستوورییەوە یاساکانی ھەرێم ھەموار بکەنەوە”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، زیاتر گوتی: “پارتی دیموکرتی کوردستان لیستی کاندید پێشکەش ناکات بەو جۆرە ھەڵبژاردنە کە بە بڕیاری سیاسی و نادەستووری دادگای فیدڕاڵی بێت”.

ڕۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانی دەزانن نەچنە ژێرباری پەسەندکردنی “بڕیاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی” و هەروەها “بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت”، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی وەک “بایکۆت”ی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێناسە کرا، بەڵام دواتر مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتەکە، لە ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤دا ڕایگەیاند: ” پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە“.

هەرچەند بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە و یەکلاکردووەتەوە، بەڵام هێشتا لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکردووە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤ی وەک دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدانی حزب و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو، بەڵام هەر ئەمڕۆ جارێکی دیکە وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بۆ ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ درێژکرایەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...