هه‌واڵ

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ هاووڵاتییان لە مەترسییەک ئاگادار دەکاتەوە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت شتێك به‌ ناوی حه‌جی بازرگانییه‌وه‌ نییە و هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی نەکەونە داوای ئەو کەس و کۆمپانیایانەی بانگەشە بۆ حەجی بازرگانی دەکەن.

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەکشەم، ٧ی نیسانی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا، هۆشداری دا، سەبارەت بەو بانگەشانەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن کەسانێکەوە بەناوی کۆمپانیای حەج و عومرە یان بەناوی تاکەکەسییەوە بانگەشەی حەجی بازرگانی دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی دەکاتەوە، هیچ شتێک لە کوردستان و عێراق بەناوی حەجی بازرگانییەوە نییە و ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت بردنی خه‌ڵكه‌ به‌ ڤیزای ساڵی، یاخود ڤیزای بازرگانی، كه‌ ئه‌وه‌یش له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی حه‌جی سعوودییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و ڕێگەپێدراو نییه‌ بۆ ئه‌داكردنی حه‌ج  و هه‌ر كه‌سێك ده‌ستگیر بكرێت به‌پێی ڕێنمایی وه‌زاره‌تی حه‌ج سزای قورسی ده‌بێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ماوه‌یه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان و له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانێكه‌وه‌ به‌ ناوی كۆمپانیای حه‌ج و عومره‌، یاخود به‌ناوی تاكه‌كه‌سی بانگه‌شه‌ی حه‌جی بازرگانی ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان، گوایه‌ ئه‌م حه‌جه‌ ئێستا به‌رده‌سته‌ و هیچ گرفتێكی نییه.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌، كه‌ شتێك به‌ ناوی حه‌جی بازرگانییه‌وه‌ نییه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌ عێراقیش، ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت بردنی خه‌ڵكه‌ به‌ ڤیزای ساڵی، یاخود ڤیزای بازرگانی، كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی حه‌جی سعوودییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و ڕێگەپێدراو نییه‌ بۆ ئه‌داكردنی حه‌ج  و هه‌ر كه‌سێك ده‌ستگیر بكرێت به‌پێی ڕێنمایی وه‌زاره‌تی حه‌ج سزای قورسی ده‌بێت.

لێره‌وه‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ به‌رپرس نییه‌ له‌م جۆره‌ حه‌جكردنه‌، هه‌ر كه‌سێكیش له‌ سعوودیه‌ تووشی كێشه‌ ببێت له‌سه‌ر ڤیزه‌ی ساڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵناگرێت، داوا له‌ هاووڵاتییانیش ده‌كه‌ین ئاگاداری ئه‌م كاره‌بن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت سامانیان به‌ فیڕۆنه‌چێت و له‌ كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و جۆره‌ حه‌جكردنه‌ دووچاری كێشه‌ و گرفتی نه‌خوازراو نه‌بنه‌وه‌ و ژیانیان نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌ كۆتایشدا هۆشداری ده‌ده‌ینه‌ هه‌ر كۆمپانیا و كه‌سێك ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه‌، بانگه‌شه‌ی حه‌جی له‌م جۆره‌ ده‌كه‌ن ئه‌وا  لێپێچینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت تا ئه‌ندازه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردنیان له‌ بواری حه‌ج و عومره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌ عێراقیش.

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان

7/4/2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...