هه‌واڵ

پارتی و یونامی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کۆبوونەوە

شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سەرنج و تێبینییەکان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٧ی نیسانی ٢٠٢٤، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوون لە هێمن هەورامی، ئامینە زکری و جەعفەر ئیمینکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسانی بەشی هەڵبژاردنی حزبەکە، لەگەڵ شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کۆلدیا کۆردۆن جێگری جینین پلاسخارت بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە.

هێمن هەورامی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوە کردووە، کە کۆبوونەوەکە لەسەر پێشنیازی جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو لە دوایین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی و هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە تیایدا “داوای کرد شاندیکی پسپۆڕ و تەکنیکی یۆنامی بێنە هەولێر و لەگەڵ شاندێکی پارتی لەسەر سەرنج و تێبینی و بۆچوونەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گفتوگۆ بکەن”.

بەگوتەی هەورامی “لەم دانیشتنەدا، شاندی یۆنامی جەختیان لەگرنگی و بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیکی جێ متمانەی هەمووان و بەشداری هەمووان کردەوە و ڕایانگەیاند بە پەرۆشن بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاری ڕا و سەرنج و تێبینی و بۆچوونەکانی پارتی”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی هەروەها دەڵێ: “وەک شاندی پارتی بۆمان ڕوونکردنەوە کە یۆنامی شاهێدی ئەوەیە دوو ساڵ بوو پارتی داوای هەڵبژاردنی دەکرد و پابەند بوو بەئەنجامدانی و چوار جار سەرۆکی هەرێم مەرسوومی دەرکرد و  هەندێک لایەنی دیکە چۆن ڕێگر بوون و چۆن نەیاندەهێشت دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنی ڕەشنووسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بێت و چۆن هەر لە سەرەتاوە دژی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوون”.

زیاتر دەڵێ: “بۆمان ڕوونکردنەوە کە ئێستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بە مەرجیک دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و دەبێت یۆنامی لەسەر خەت بێت بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییەکان و زامنکردنی پاکی و بێگەردی کۆی پڕۆسەکە و بە دوور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێک لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دزینی کورسییەکانی پارتی و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامەڕێژییان بۆ کردووە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...