هه‌واڵ

٣٧ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان تێپەڕدەبێت

ئەمڕۆ ١٦ی نیسانی ٢٠٢٤، سی و حەوت ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە تێپەڕدەبێت.

 

لە ١٦ی نیسانی ١٩٨٧دا، ڕژێمی بەعسی عێراق، بە چەکی کیمیایی بۆردمانی گوندەکانی دۆڵی خۆشناوەتی بەتایبەت بالیسان و شێخ وەسانانی کرد و لە ئەنجامدا دەیان قوربانی لێ کەوتەوە. هەروەها، ژمارەیەک لە بریندارەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندەبەچاڵکران و لە دوای ڕاپەڕین و ئازادکردنی هەرێمی کوردستان ڕووفاتی ژمارەیەک لەو شەهیدانە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە گۆڕستانی کارگەی قیڕی هەولێر دۆزرانەوە و گەڕێنرانەوە بۆ زێدی خۆیان و بە خاک سپێردرانەوە.

کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان، یەکەم تاقیکردنەوەی ڕژێمی بەعس بوو لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە باشووری کوردستاندا و دواتریش لە ساڵی ١٩٨٨دا جارێکی دیکە ناوچەکە کیمیاباران کرایەوە و بەگشتی زیاتر لە ٢٨٠ شەهید لە ئەنجامی ئەو تاوانانەدا کەوتوونەتەوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ برینداری چەکی کیمیایی دەڤەری بالیسان و شێخ وەسانان شوێنەواری کیمیایی لە جەستەیاندا ماوەتەوە.

ڕۆژی ١٦ی نیسان، کە هاوکاتە لەگەڵ کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان بە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...