هه‌واڵ

گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی لە بەغداوە ڕاگیران و کرانەوە

زێدپرێس

درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم ١٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەپێی بڕیارێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی، گەشتەکانی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی سێ سەعات ڕاگیران و دواتر گەشتەکان دەستیان پێکردەوە.

ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە، ڕای گەیاند، بەپێی بڕیارێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی، چەند کاژێرێک ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەڕووی فڕۆکەوانی داخرا.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دڵنیایی دا، “هیچ کێشەیەکی تەکنیکی یاخود ئەمنی لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی ئەربیل (هەولێر) و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نیییە، و هیچ هێزێکی ئەمنی جوڵەی پێ نەکراوە بۆ فڕۆکەخانەکان”. ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هەواڵانەی بەتایبەت باسیان لە هۆکاری ئەمنی دەکرد، لە پشت ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەوانی لە هەولێر و سلێمانی.

پێشتر، کاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییکردن لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بڵاوی کردبووەوە، وەک ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییکردن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدواداچوونی لەبارەی ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر کردووە و لەگەڵ دەستەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق و سەرۆکی دەستەی گەشتەوانی ئاسمانی عێراق قسەیان کردووە.

یاروەیس زیاتر دەڵێ “هۆکاری ڕاگرتنەکە نادڵنیایی بووە لە سەلامەتی ئاسمانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی بوونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆن”.

پاش نزیکەی سێ سەعات لە ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، کەمێک پێش ئێستا، گەشتە فڕۆکەوانییەکان دەستیانپێکردەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...