هه‌واڵ

دوای 12 ساڵ…ئەردۆغان چەند دۆسیەیەكی گرنگ لە بەغدا یەكلا دەكاتەوە

سبەی؛ سەرۆككۆماری توركیا دەگاتە بەغدا، پاشان سەردانی هەولێر دەكات، لە بەغدا چەندین لێكتێگەیشتنی هاوبەش واژوو دەكرێن، لەگەڵ ئەوەش پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، پارتی كرێكارانی كوردستان و دۆسیەی ئاو گرنگترین تەوەرەكان، بە یەكلابوونەوەی كێشەكان هەژمار دەكرێن.

 

بڕیارە؛ سبەی دووشەم، 22ی نیسان، كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ؛ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بە سەردانێكی فەرمی بگاتە عێراق و لەگەڵ هەریەك لە سەرۆككۆمار و وەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان كە لەلایەن باڵوێزی عێراق لە توركیا خراوەتە ڕوو، گفتوگۆ لەبارەی چەندین دۆسییەوە دەكرێت، ئەوانیش؛ ئاو، بازرگانی، ئابووریی، رێگای گەشە، ئەمنی و دووبارە دەست پێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان لە رێگای بۆڕی عێراقی-توركی بۆ بازاڕەكانی جیهان.

لەو چوارچێوەیەدا؛ باڵوێزی عێراق لە توركیا ئاماژە بەوە كردووە، لە سەردانەكەدا چەند لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش واژوو دەكرێن. لەبەر ئەوە ئەمڕۆ زانیاری وا ڕاگەیەنرا، كە 37 لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە خۆ دەگرێت.

داواكاری عێراق و توركیا
لە میدیا عێراقییەكانەوە ئەوە خراوەتە ڕوو، عێراق داوا لە توركیا دەكات، پشكی ئاو زیاد بكرێت، لەبەرانبەردا توركیا داوای چارەسەری پرسی پارتی كرێكارانی كوردستان، لە ڕێگای گرتنەبەری ڕێكاری سیاسی دەكات.

هاوكات عێراق لەگەڵ توركیا، پاكتاوی بڕیارەكانی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و رێككەوتن دەكات.

لەلایەكی دیكەوە، توركیا داوای فرەوانتركردنی پێوەندییەكان و ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق دەكات، كە خۆی دەبینێتەوە لە ڕێگای گەشە كە بە دەروازەیی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە تێپەڕ دەبێت و دەیەوێت بەشدار بێت.

هەر بۆیە عێراق دووپاتی لەوە كردووەتەوە، كە دەیەوێت مامەڵەكردن تەنیا لە ڕێگەی خۆیەوە بێت.

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، ڕۆژی هەینی 20ی نیسان، ڕایگەیاند: لە دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێر دەكات.

هاوكات محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ئەردۆغان گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی ئاو لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەكەن.

ڕۆژی چوارشەمی رابردوو، یەشار ئۆغلو وەزیری بەرگریی توركیا، لەبارەی سەردانەكەوە ئاماژەی بەوە كرد، بۆ یەكەمجار ڕێككەوتنێكی ستراتیژیی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژوو دەكرێت.

دوای 12 ساڵ، سەرۆككۆماری توركیا سەردانی عێراق دەكاتەوە، لە لایەن ناوەندەكانی عێراق و توركیا بە سەردانێكی گرنگ هەژمار دەكرێت، بەتایبەت كە سوودانی ئەوەی خستووەتە ڕوو، لەنێوان هەردوولا ویستی ڕاستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە، نەك پەراوێزخستنی كێشەكان.

ماوەی چەند مانگێكە لیژنە هاوبەشەكانی عێراق و توركیا، كار لەسەر دۆسییەكانی ئاماژە بۆ كراو دەكەن، وەك بڕیار دراوە، هەندێكیان گەیشتوون بە قۆناخی واژوو كردن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق، ساڵی رابردوو سەردانی توركیای كرد، گفتوگۆ لەبارەی چەندین دۆسییەوە كرا، لیژنەی باڵای هاوبەش لەوبارەیەوە پێكهێنرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button