هه‌واڵ

ئەمریکا و بەریتانیا هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکەن

هەردوو باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٤، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کرێکاری کێڵەگەکە گیانیان لەدەستدا و ناردنی گازیش بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان وەستا.

لە کاردانەوەی هێرشەکەدا، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند: “ئێمە بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ئەمشەو بۆ سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان دەکەین، دەزانین کرێکارانی ئەو شوێنە کوژراون و بریندار بوون”.

ڕۆمانۆوسکی لە پەیامەکەیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد: “لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەم پرسە بکەن و بکەرانی بدرێنە دادگا”. هەروەها گوتی: “ئەمریکا لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق بەردەوام دەبێت”.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر کەوتووەتە سنوری شارەدێی قادرکەرەمی سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ و زۆرترین بڕی گازی بەرهەمهێنراو بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

هەر لە کاردانەوەی هێرشەکەدا، ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕایگەیاند: “هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر شەرمەزار دەکەین. ئەمە هەوڵێکی قبوڵنەکراوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە”.

باڵیۆزی بەریتانیا زیاتر گوتی: “دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ بکەران بکرێت؛ پرسە و سەرەخۆشیمان لە کەسوکاری قوربانیان و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...