هه‌واڵ
ئاراستەکان

سەرۆکایەتی هەرێم: بەبانکیکردنی مووچە لە کوردستان و عێراق جیاوازی نییە

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە کە لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت، جیاوازی نییە لە هەمان پڕۆسە لە عێراق.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، چەند زانیارییەکی لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وردەکاری کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق خستەڕوو.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، کە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی ئەمنی و ئەو هەڕەشانەی ماوە ماوە لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، لەناویاندا دوا هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراق بووە.

لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکان لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا، گوتەبێژەکەی سەرۆکایەتی هەرێم گوتی: “هەموو لایەنەکان، دووپاتی ئەوەیان کردەوە، کە ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگە و ناوەڕۆکی ئەو بەرنامەیەی کە حکوومەتی سوودانی لەسەری پێکهاتووە، لەپاڵ جێبەجێکردنی دەستور و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کە گفتوگۆ هەڵناگرێت”.

ئەو، دووپاتی کردەوە کە “تێگەیشتنی هاوبەش بۆ سەرجەم پرسەکان هەیە”.

سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەبانکیکردنی مووچە، دڵشاد شەهاب ڕوونیکردەوە، کە حکوومەتی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەڵێن گرنگ ئەوەیە گرەنتی بە هاووڵاتیان بدرێت کە مووچەکانیان لەڕێگەی بانکەوە بگات. سەرجەم ئەو بانکانەیش لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون، ئەوانەن کە لە بانکی ناوەندی عێراق ڕەزامەندییان پێدراوە و ئەو کارەی ئەوان دەیکەن هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی لە عێراق دەکرێت.

گوتەبێژەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “نابێت هیچ کام لە گرفتە تەکنیکییەکان ببنە گرفت” و دڵنیایی دا لەوەی “ئەو پرسە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت”.

هەروەها گوتی: “هیچ هۆکارێک نییە کە مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروست بکات”.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی: “ئامانجەکە ئەوەیە هەموو لایەنەکان بەشداری بکەن و مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراوبن، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەو قۆناغە ناسکەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، لە وادەیەک یان دواخستن و ڕێکارێکی تەکنیکی گەورەترە”.

هەرچەند جەختی لەوە کردەوە کە “سەرجەم دامەزراوەکان پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کۆکن لەسەر ئەوەی هەموو لایەنەکان بەشداربن”، بەڵام سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە گوتی: “پێشنیاز زۆرن و تا ئێستا بە سیغەیەکی کۆتایی نەگەیشتوون، نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەسەر هێڵن لەوڕووەوە”.

دڵشاد شەهاب هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، ئاماژەی بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکانیش ڕوونیکردەوە: “هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنێت”.

هەروەها، ئاماژەی بەو کێشەیە کرد کە لە نێوان هەردوو لایەنی کوردستان و عێراق سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت هەیە و ئاماژەی دا، کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی عێراق جیاوازە، ئەو ژمارانەی لە یاسای بودجە و پێوەست بە تێچووی بەرهەمهێنان جێگیر کراون، ڕووماڵی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ناکەن و هەردوو لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەوڵی نزیککردنەوەی ژمارەکانن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...