هه‌واڵ

تونێلی پیرمام بەیەکجاری بەڕووی بارهەڵگرەکان دادەخرێت

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تونێلی پیرمام بەیەکجاری بەڕووی بارهەڵگرەکان دادەخرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، “لەبەرژەوەندی گشتی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی شوفێران بڕیار درا بە هاتوچۆنەکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەناو تونێلی پیرمام”.

بڕیارەکە، لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی ڕۆژی دووشەم، ڕێککەوتی ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤ەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو ڕێککەوتە بەدواوە، تونێلی پیرمام بەیەکجاری بەڕووی بارهەڵگرەکان دادەخرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، ڕوونیکردووەتەوە، کە بارهەڵگرەکان وەک ڕێگەی جێگرەوە، دەتوانن ڕێگای (بەستۆڕە-بەربیان-شێخ توراب-مەکردان- تا دەگاتەوە جووتسایدی باسرمە) بەکارهێنن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، هۆکاری بڕیارەکەی گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی کە “ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەم تونێلەدا هاتوچۆیان دەکرد کە ئەمەش وای کردبوو هاتوچۆ لە تونێلەکەدا سست ببێت و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانی تر دروست ببێت و لە ئەگەری پەککەوتنی هەر بارهەڵگرێک لەتونێلەکەدا، ڕێگاکە بە تەواوی دادەخرا کە ڕێگایەکی گەشتیاری و ئابوورییە”.

تونێلی پیرمام بەدرێژایی دوو هەزار و ٤٧٠ مەتر، لە دوو توونێلی چوون و هاتن پێکهاتووە و ڕێگەی ناوەندی شاری هەولێر بۆ شەقڵاوە ١٣ کیلۆمەتر کەم دەکاتەوە. ساڵی ٢٠١٠ بەگوژمەی ١٤٨ ملیۆن دۆلار دەست بەجێبەجێکردنی کرا و بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی ٢٠١٤ کارەکانی سست بوون و لە ساڵی ٢٠١٨ بە دابینکردنی پێنج ملیۆن دۆلاری دیکە، هەنگاوەکانی تەواوکردنی خێرا کران و لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەڕووی شوفێراندا کرایەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...