فەرمانی گرتن بۆ ٣٧ بەرپرسی پلە باڵای عێراق دەرکرا
ئەمڕۆ دووشەم، ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، تەنیا لەماوەی مانگی ئازاری ئەمساڵ، لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوە لە دادگە جیاجیاکانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٣٧ بەرپرسی پلەباڵای عێراق دەرکراوە و ١٩٩ هەڵمەتی دەستگیرکردن ئەنجامدراوە.
داتاکانی دەستەی دەستپاکی پیشانی دەدەن، زۆرترین هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن لە دوو پارێزگای زیقار و نەجەف بوون، لە یەکەمیاندا ٣٨ حالەت و لە دووەمیاندا ٢٩ حالەت تۆمار کراوە و پارێزگای کەربەلا بە ٢٠ حالەت لە پلەی سێیەم دێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی، ئەو ٣٧ بەرپرسە عێراقییە پێکدێن لە؛ سێ وەزیر لە کابینەکانی پێشوو، یەک بریکاری وەزیر، ٢٧ بەڕێوەبەری گشتی، کە ١٤ لەو بەڕێوەبەرە گشتییانە، پێشتر لە پۆستەکاندا بوون، هەروەها پێنج پارێزگاری پێشوو و ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆی ئەو بەرپرسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، تەنیا ١٤ بەرپرس ئێستا لە پۆستەکانیان بەردەوامن و ئەوانی دیکە لە پۆستەکانیان نەماون.