هه‌واڵ

“بە پاڵپشتیی سوپای عێراق هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانی كوردان دەدرێت”

مەریوان قەرەنی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە پاڵپشتیی سوپای عێراق لە سنوری کەرکووک هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانی كوردان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیشیانەوە دەدرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، مەریوان قەرەنی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بەرانبەر ڕەفتارەكانی سوپای عێراق لە سنووری كەركووك بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “بەداخەوە هەموو ساڵێك لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی دەغڵودانی جووتیارانی كورد، زانیاریی ئەوتۆمان پێ دەگات كە دەریدەخات عەرەبە هاوردەكان، ئەوانەی لە سایەی سیاسەتی تەعریبی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هێندراونەتە سەر زەویوزاری كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە پاڵپشتیی سوپای عێراق، هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانی كوردان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیشیانەوە دەدەن”.

مەریوان قەرەنی باسی لەوە کردووە: “هەرچەندە ئەم دیاردەیە لەو سەردەمانە بوونی نەمابوو كە ناوچەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا بوو، بەڵام بەداخەوە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری لایەنێكی كوردستانی، بووە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە شۆڤێنییەكان ورەیان بێتەوە بەر و خەون بە داگیركاریی زیاتری كوردستانەوە ببینن”.

ئەو، دەڵێ: “ئەوەی نیگەرانییەكەمانی زیاتر كردووە، ئەوەیە كە لە شەوی ڕابردووەوە جووتیارانی هەندێك ناوچەی سنووری كەركووك، بە تایبەتیش لە چەند گوندێكی سنووری پردێ، باس لەوە دەكەن كە لە لایەن سوپای عێراقەوە هەڕەشەیان لێكراوە و دروێنەكردنی دەغڵودانیان لێ قەدەغە كراوە”.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: “لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە، جووتیارانی كورد لەسەر زەوییەكانی موڵكی باب و باپیریانن، هەر جۆرە دەستدرێژییەك و هەوڵێك بۆ داگیركردنی زەوی و زارەكانیان رەت دەكەینەوە و دژی دەوەستینەوە. داوا لە سوپای عێراق دەكەین بەپێی دەستوور و یاساكان ڕەفتار بكات و نەبێتە ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی هیچ پێكهاتەیەك لە پێكهاتەكانی عێراق”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەشیدا دەڵێ: “بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم ڕەفتارانە بەردەوام بن، هەرێمی كوردستان و گەلی كورد مافی گرتنەبەری هەموو ڕێگەیەكی هەیە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ڕۆڵەكانی، ئێمەش لەم ڕوانگەیەوە هەرچی لە دەستمان بێت لە وەستانەوە دژ بە ئەم زوڵمەی لە جووتیارانی كورد دەكرێت، درێغی ناكەین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...