هه‌واڵ

ئاسایشی زاخۆ: کادیرەکەی یەکگرتووی ئیسلامی بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکراوە

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، ئیسلام کەشانی کارگێڕی مەڵبەندی ١٣ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەتۆمەتی دەستێکەڵکردن لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە دەستگیرکراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی زاخۆ ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی کارگێڕی مەڵبەندی ١٣ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی کەناڵی ئاسمانی سپێدە، بڵاوکردەوە.

ئاسایشی زاخۆ لە ڕوونکردنەوەدا، ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسلام کەشانی بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەتۆمەتی تێکەڵی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، دەستگیرکردنی ناوبراو بەگوێرەی ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣ بووە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان (یاسای دەرماڵەی منداڵبوون و دایکایەتی)یە و لە ماددەی یەکەمی یاساکەشدا دەڵێ “ئەو ئافرەتەی لە مۆڵەتی منداڵبووندا یان لە مۆڵەتی دایکایەتیدا بێت، بەدرێژایی ماوەی مۆڵەتەکەی، مووچە و دەرماڵەی تەواوی پێدەدرێت”.

وا دەردەکەوێت، هەڵەیەک لە ڕوونکردنەوەکەی ئاسایش و یاسای ئاماژەبۆکراودا هەیە.

ئاسایشی زاخۆ ڕەتی دەکاتەوە، دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی لە دەرەوەی یاسا بێت و دەڵێت بەڵگەی پێویست لەو ڕووەوە بەردەستن و زیاتر دەڵێ “وەکوو هێزی ئاسایش هیچ جارێک لەسەر جیاوازی بیروڕا و جیاوازی سیاسی کەس دەستبەسەر ناکەین و جیاوازی لە نێوان هیچ تۆمەتبارێکدا ناکەین و ڕێگەیش بە هیچ کەس و هێز و لایەنێک نادەین کە ببێتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان”.

ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی زاخۆ، لەکاتێکدا دێت، کە دوێنێ پێنجشەم ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣، ئیسلام کەشانی لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە لەکاتی چوون بەرەو کارەکەی لە کەناڵی ئاسمانی سپێدە و کاناڵی خابیر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە دەستگیر کرا و پاشتر لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ماڵەکەی پشکنرا.

کەمێک پێش ئێستایش لێژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان سەربە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، بەتوندی سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی کرد و ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکە پێچەوانەی یاسای کاری ڕۆژنامەگەرییە و داوایشی کرد بەزوویی ئیسلام کەشانی و هەموو ئەو کەسانەی لە سەر کاری ڕۆژنامەنووسی و ئازادی ڕادەربڕین لە زینداندان، ئازاد بکرێن.

دوێنێ پێنجشەم ٢٤ی ئاب، نووسینگەی زاخۆی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا و لەسەر زاری ئاسایشی زاخۆ بڵاوی کردەوە، کە لە پەیوەندیان لەگەڵ ئاسایشی زاخۆ، پێیان ڕاگەیەنراوە، کە ئیسلام کەشانی لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دەستگیر نەکراوە و دواتر ئاسایش ڕوونکردنەوە لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەدات.

 

ڕوونکردنەوەی ئاسایشی زاخۆ و یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...