هه‌واڵ

یەکێتی: بەگژ هەوڵە ناڕەواکانی دواخستنی هەڵبژاردندا دەچینەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دواخستنی هەڵبژاردن بە پێشهاتێکی مەترسیدار لەقەڵەم دەدات و ڕایدەگەیەنێت لە بەرانبەر هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردندا پەنا بۆ هەر ڕێکاری یاسایی دەبات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی ١ی ئایاری ٢٠٢٤، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە کۆبووەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریداوە “بە هەموو ڕێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ ھەوڵە ناڕەواکانی دواخستنی ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠-٦ دا بچێتەوە”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە “پێشهاتێکی مەترسیدار” ناودەبات.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی ھەر ھەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد کە بڕیارە لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ساز بکرێت. پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی ھەڵبژاردن لە ھەمان وادەدا دووپاتکردەوە.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا (١-٥-٢٠٢٤) کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەپێناو داکۆکیکردن لە مافی دیموکراسیی خەڵکی کوردستان، بڕیاریدا بە ھەموو رێکارێکی یاسایی و بە ھەوڵی ھەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ ھەوڵە ناڕەواکانی دواخستنی ھەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠-٦ دا بچێتەوە.

کۆبوونەوە ھەمووانی لەو پێشھاتە ترسناکە ئاگادارکردەوە کە ھەر ھەوڵێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێکی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی کوردستانەوە کە سەرەنجام ھیچ ئیعتیبارێک بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسyیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان ناھێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێکەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.

مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە ھەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموکراسی دەزانێت و ھیچ پاساوێکی بۆ نییە تەنیا رەچاوکردنی بەرژەوەندیی تەسکی ئەوانە نەبێت کە خۆیان لە پرۆسەی ھەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەکی ناڕەوادا دەگەڕێن کە زۆرینەیەکی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبکاتەوە. ھەر بۆیە رایدەگەیەنێت ھەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش ھەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی ھەڵبژاردن رەتدەکاتەوە.

 

بڕیاری کۆبوونەوەکەی دەباشان ئەوەیە کە یەکێتی بۆ پارێزگاری لە مافی دیموکراسیی گەلەکەمان:

‎- بە یاداشتی فەرمی و دیداری راشکاو و جددی دۆستانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان، عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.

‎- ⁠بە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ ھێزە کوردستانییەکانی داکۆکیکار لە پابەندبوون بەوادەی ھەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات.

‎- ⁠پەنا بۆ سکاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستووری عیراق و یاسا بەرکارەکانی، داکۆکی لەم مافەی میللەتەکەمان دەکات.

‎ھەروەک بانگەوازی نیشتمانی و دیموکراسیی خۆی ئاڕاستەی ھەمووان دەکات لەم خەباتە یاسایی و دیموکراسییەدا پشتیوان و ھاوکاربن.

‎لە کۆتاییشدا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییانە، کوردانە و دیموکراسییانە رووی کردە:

‎رای گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

‎و دەنگدەرانی تازەی پرۆسەی ھەڵبژاردن کە بۆ یەکەمینجارە ئەم ئیستیحقاقە دیموکراسییە پیادە دەکەن، با پێکەوە داکۆکی لە ئەزموونی دیموکراسیی کوردستان بکەین و ئەرکی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی خۆماڵی سەربخەین کە تەنیا بە ھەڵبژاردنێکی بێگەرد و لە وادەی خۆیدا دێتەدی.

‎بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتنی بژاردەی ھەڵبژاردن و دەربازکردنی قەوارەی ھەرێم لە ھەڕەشەی چەقبەستن و بێئیعتبارکردنی دامەزراوەکانی.

 

‎مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

١/٥/٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...