هه‌واڵ

مەریوان قەرەنی: هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ناکرێت

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو دیزایینەی بۆ هەڵبژاردن داندراوە و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ناکرێت تا ئەوکاتەی هەموو ئەو تێبینییانەی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە هەن، چارەسەر نەکرێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەریوان قەرەنی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینێکیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند: “گەرەنتیی هەڵبژاردنێكی پاكی بێ دیزایینی پێشوەختە بكرێت، پارتی پێش هەمووان داوای هەڵبژاردن دەكات”.

قەرەنی باس لەوە دەکات، “هەڵبژاردن پرۆسەیەكی زۆر گرنگە بۆ هەر وڵاتێك و دووبارە ڕۆح بە بەر دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە دەداتەوە، بۆ ئەمەش، پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی پێش هەر حزب و لایەنێكی دیكە، خەمخۆری هەڵبژاردن بوون و پێش هەمووانیش لەدوای ڕاپەڕین، داوای هەڵبژاردنیان كردووە. چونكە دیموكراسیەت خۆی بریتییە لە فەرمانڕەواییكردنی گەل، بەڵام بۆ ئەوەی گەل فەرمانڕەوایی ڕاستەقینە بكات، دەبێت زەمینەیەكی ئەوتۆ بۆ هەڵبژاردن ساز بكرێت كە دەرئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە، گوزارشت لە ئیرادەی گەل بكات”.

لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: “دەبووایە دوو ساڵ لەمەوبەر بكرابایە، دەشبووایە ئەوكاتەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەدەست یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بوو، یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە هەموار بكرابایەوە و لە ڕێگەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە گەلی كوردستان دەنگیان پێیان دابوو، هەر گۆڕانكارییەك پێویست بێت، لە یاساكەدا بكرێت”، بەڵام وەک دەڵێ: “بەداخەوە ماوەی دوو ساڵی تەواو، بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی لە ڕێگەی ڕێواز فایەقەوە ڕێگەیان نەدا یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، چونكە دەیانزانی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەردی ئەوان تیمار ناكات و حاڵیان زۆر لەوە شڕترە كە لە ڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە دۆخی پەرێشانی خۆیان ڕاست بكەنەوە”.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەو ڕوانگەیەوە یەکێتی تۆمەتبار دەکات، بەوەی بۆ تێپەڕکردنی ئەو دۆخەی تێیکەوتوون، “پەنایان بردە بەر وڵاتێكی ئیقلیمی و ئەویش لە ڕێگەی دۆستەكانی لە بەغدا بە ناوی بڕیاری دادگا و گۆڕینی سەرۆكایەتیی كۆمسیۆن و شتی ترەوە، دیزایینێكی ئەوتۆی بۆ دانان كە تەواو بە دڵی یەكێتی و كوڕانی جەلال تاڵەبانی بێت”. زیاتر دەڵێ: “بەڵام ئایا دیزایینێك بە دڵی ئەو كوڕانەی تاڵەبانی بێت كە لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ شانازییان بە تەسلیمكردنەوەی كەركووك دەكرد و دەیانگوت ئیمزای سەركردایەتیمان كردۆتەوە، مانای وایە بە دڵی گەلی كوردستانیشە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، ئەو دیزایینە بەهیچ شێوەیەك بە دڵی گەلی كوردستان نییە و نابێت و گوزارشتیش لە ئیرادەی گەلی كوردستان ناكات”.

مەریوان قەرەنی لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا دەڵێ: “هیچ گومانی تێدا نییە ئەو دیزایینەی بۆ هەڵبژاردن دانراوە، شكستی هێناوە و ئیرادەی بەهێزی نیشتمانپەروەرانی كوردستان كە پارتی و سەرۆك بارزانی گوزارشتی لێ دەكەن، زۆر بەتواناترە لە ئیرادەی ترسنۆكانەی ئەوان، چونكە ئەگەر ئیرادەی ئەوان سەربگرێت، دوور نییە لە ڕێی پەرلەمانی كوردستانەوە هەوڵی تەسلیمكردنەوەی هەموو هەرێمی كوردستان بدەن!”.

ئەو، بەتوندی ڕەخنە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەگرێت و دەڵێ: “ئێستاش بافڵ و قوباد تاڵەبانی و یەكێتی باش ئەوە دەزانن كە ئەو دیزایینەی بۆیان دانرابوو، پووچەڵكرایەوە و هەڵبژاردنیش لە كاتی خۆیدا ناكرێت، تا ئەو كاتەی تێبینییەكان لەبارەی هەڵبژاردن چارەسەر دەكرێن”.

وەک ئەوەی مەریوان قەرەنی ئاماژەی بۆ کردووە، تێبینییەکان لەبارەی هەڵبژاردن بریتین لە “گەڕاندنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان و چارەسەركردنی كێشەی ئەو سەدان هەزار دەنگدەرەی پارتی كە بە پاساوی پەنجەمۆرەوە لە دەنگدان بێبەش كراون، هەروەها گەرەنتیی ئەوە دەدرێت كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازاد و دادپەروەرانە بكرێت و لە ژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت. ئەوكات دەبینن كە پارتی پێش هەموو لایەنەكانی تر، داوای هەڵبژاردن دەكات”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...