هه‌واڵ

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەیاننامەیەکی لەمەڕ هێرشەکەی ئەمریکا بڵاوکردەوە

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکانی ئەمریکا هەڕەشە لە ئاشتی دەکەن و پێشێلکردنی سەروەری عێراقن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٨ی شوباتی ٢٠٢٤، یەحیا ڕەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئەمریکا کە تیایدا دوو بەرپرسی حزبوڵای عێراقی کردە ئامانج بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئەمریکا هەڕەشە لە ئاشتی دەکات و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و هاوکات ژیانی خەڵک و گەلی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم کارانەی ئەمریکا، زیاتر پاڵ بە حکوومەتی عێراقەوە دەنێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتییەکە، کە بووەتە هۆی ناسەقامگیری و مەترسی کێشکردنی عێراق بۆ ناو بازنەی ململانێیەکان.

یەحیا ڕەسووڵ، زیاتر دەڵێ، ئەمریکا چەندین جارە و نابەرپرسانە هەموو ئەو کردەوانە ئەنجام دەدەن کە دەشێت لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکی گفتوگۆی دووقۆڵی تێکبدات.

کاتژمێر ٩:٣٠ خوولەکی شەوی ڕابردوو، بە درۆن هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی کەتایبی حزبوڵای عێراق لە ڕۆژهەڵاتی شاری بەغدا و بەهۆیەوە دوو بەرپرسی کەتایبی حزبوڵای عێراق ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی کوژران.

دوابەدوای هێرشەکە، ئەمریکا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆگرت و ڕایگەیاند، ئەوانەی بە ئامانجگیراون بەرپرسی ڕاستەوخۆن لە هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا. بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ساعیدی فەرماندەی کەتایبی حزبوڵا بەرپرسی ڕاستەوخۆ بووە لە پلاندانان و بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...