ئابووریهه‌واڵ

١٢ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنوری عەربەت کەم دەکرێتەوە

لێژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان کەم دەکەنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا ١٢ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنوری عەربەت کەم کراوەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، جووتیارانی سنوری بەشی کشتوکاڵی عەربەت ئاگادار دەکاتەوە، کە لێژنەیەکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەپشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان، تێبینییان لەسەر ڕووبەری چێندراوی گەنم بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە تەواوی سنوری پارێزگای سلێمانی هەبووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لێژنەکە فشارییان کردووە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ڕووبەری چێندراو بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان بێت و لەو چوارچێوەیەشدا هەربەش و ناوچەیەکی کشتوکاڵی کەمکردنەوەی بۆ کراوە، بەپێی ئەو ڕێژەیەی بۆی دیاریکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێژەی کەمکردنەوە لە ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی سنوری عەربەت ١٢ هەزار دۆنم دەبێت بۆ سەرجەم جووتیارانی سنورەکە.

کەمکردنەوەی ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی و بەدیاریکراوی ڕووبەری زەوی داچێندراو بە گەنم، لەکاتێکدایە، کە هەر دوێنێ یەکشەم، ٥ی ئایاری ٢٠٢٤، بێگەرد تاڵەباندی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر چەند پرسێکی کشتوکاڵی، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. بەگوتەی مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاندەکە، داوای زیادكردنی ئەو ڕێژەیەی كردووە، كە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دانراوە و لە وەڵامدا سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتوویەتی، ئەو ڕووپێوەی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق كردوویەتی، بكرێتە بنەما بۆ زیادكردنی ئەو ڕێژەیەی كە دیاریكراوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستاندا دوو ملیۆن و ١٥٥ دۆنم زەوی بە دەغڵودان تۆو كراون، بەڵام وەک مەریوان قەرەنی دەڵێ: “ئەو ڕێژەیەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە دیاری كراوە، زۆر كەمترە بە بەراورد بەو زەوییەی كە چێندراوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...