هه‌واڵ

یەكێتی سكاڵایەكی لە دادگای فیدڕاڵی دژی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی تۆماركرد

یەكێتی سكاڵایەكی لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دژی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی تۆماركرد كە تیایدا داوا دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سكاڵاكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە داواكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ دواخستنی هەڵبژاردن پێچەوانەی دەقی ماددەی ١٩ی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩ی هەمواركراوە كە تێیدا هاتووە (لە بابەتەكانی پەیوەست بە كاروباری هەڵبژاردن، جگە لە بەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان، نابێت لە هیچ شوێنێكی دیكە تانە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بدرێت).

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، ڕاگرتن یان هەڵپەساردنی كارەكانی كۆمسیۆن لەمكاتە هەستیارەدا، كە ماوەیەكی زۆر كەم ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان و كۆمسیۆن و گرێبەستەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن، لەوانەش چاپكردنی فۆڕمەكانی دەنگدان و گرێبەستی پڕۆگرامی ئامێرەكانی دەنگدان، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار و شڵەژان بۆ كارەكانی كۆمسیۆن دروستدەكات.

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی وەزیرانی هەرێم، لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵای دژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆماركرد و ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی، فەرمانێکی وەلائی دەکرد و بڕگەی دووەمی لە ماددەی دووەمی سیستەمی هەڵبژاردن ڕاگرت، کە پەیوەستە بە تۆمارکردنی کاندیدان و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەو جۆرەیش کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕادەگیرێن تا ئەوکاتەی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران یەکلایی دەبێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...