هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم: تێچووی ساڵانەی ئاوی خواردنەوە ٥٥٢ ملیارە

زێدپرێس

 

ڕۆژانە دوو ملیۆن و ٧٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە تێچووی ساڵانەی ٥٥٢ ملیار دینارە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ڕۆژانە دوو ملیۆن و ٧٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە تێچووی ساڵانەی ٥٥٢ ملیار دینارە. سەربارى ئەوەش، حکوومەت خەریکی تەواوکردنی پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییە، کە لە ڕێگەى گلدانەوە و پاڵاوتن و ناردنەوە، ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بەپێی فەرمانگەکە، ئێستا ٨١ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو، ڕۆژانە لەسەر ڕووبارەکان کار دەکەن و بڕیاریشە ١١ پڕۆژەی دیکەی ستراتیژیی ئاو، لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن، ئەمەش گرفتی کەمئاوی بە ڕێژەیەکی زۆر چارەسەر دەکات.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە: “بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کەمئاوی، ١١ پڕۆژەى ستراتیژی لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێن”.

ڕوونی دەکاتەوە “ئێستا ٥٠٪ى بەرهەمهێنانی ئاو لە ڕێی بیرەکانەوەیە، ٥٠٪ی تر لە ڕێگەى پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییەوەیە؛ بە تەواوبوونی ١١ پڕۆژەکەی ئاو، ٨٠-٨٢٪ى دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوى سەرزەوی دەبەستێت، کە بەهۆیەوە ئاوی ژێرزەوی دەپارێزرێت و بیرەکان دادەخرێن، لە هەمان کاتدا ئاو ئاسانتر بە هاووڵاتییان دەگات.”

“بەپێی پێوەری نێودەوڵەوتی، بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک لە ڕۆژێکدا ٢٥٠ لیترە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بڕی بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک ٥٠٠ لیترە، بەمەش هاووڵاتییان زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی نێودەوڵەتی ئاو بەکار دەهێنن”، فەرمانگەی میدیا و زانیاری وا دەڵێت.

ئاری ئەحمەد، لەبارەى پاراستنی سامانی ئاوەوە گوتی: “هۆشیاریی بەکارهێنانی ئاو زۆر گرنگە، زۆرجار هاووڵاتییان ئاوێکی زیاتر لە پێویستیی خۆیان بەکار دەبەن، هەروەها دروست بەکارنەهێنانی ئامێرەکان لە ماڵەوە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زیاتری ئاو، وەکوو جلشۆر و قاپشۆر و دووش و کەرەستەکانی دیکە، کە دەکرێت وریایانەتر، لەپێناو کەمکردنەوەى بەکارهێنانی ئاو بەکار بهێنرێن. ئەوەى ئێمە داواى دەکەین، شتێک نییە لە سەرووى تواناى هاووڵاتییانەوە بێت”.

وەک فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی کردووە، ساڵانە بەهۆى فرەوانبوونی جووڵەى شارستانی و گەورەبوونی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستییەکان بۆ بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکەن و زیاتر دەڵێ “حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە ڕێکخستنی بوارى بەکارهێنانی ئاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەى ئەو خواستە نوێیانە بەردەوام دەبێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...