سیاسیهه‌واڵ

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت عێراق ئەرکەکانی بەرانبەر حکوومەتی هەرێم جێبەجێ بکات

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەکات، بەپیر داواکارییەکانەوە بێت و بەزووترین کات کێشەکان چارەسەر بکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە چوارچێوەی وتارەکەی، کە ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، له‌ كۆڕبه‌ندی (گۆڕانی ئاووهه‌وا و كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر عێراق)، پێشکەشی کرد، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند: “ئەو هەنگاوانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ماوەیەدا ناویەتی بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا، هەنگاوی زۆر گرنگ و جێی دەستخۆشین”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە حكوومەتی فیدراڵ کرد، بەپیر داواكارییەکاانەوە بێت و بە زووترین كات كێشەكان چارەسەر بكات، چونكە وەک گوتی: “ئەوەی ئێستا هەیە ئەوه‌یە كە دەبێت حكوومەتی فیدراڵ ئەركەكانی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات”.

نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوە کردەوە: “هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی درێژخایه‌نمان له‌ كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان گه‌وره‌تره‌ و ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوا و بنه‌مایه‌ كار بكه‌ین. له‌ ماوه‌ی چه‌ندین هه‌فته‌ی ڕابردوودا له‌ عێراق هه‌نگاوی باشمان بۆ پته‌وكردنی متمانه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موومان به‌ ده‌وری نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی نیشتمانییانە‌ هه‌ڵناوه‌”.

به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ كۆڕبه‌ندی (گۆڕانی ئاووهه‌وا و كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر عێراق)دا كرد، کە‌ به‌ ئاماده‌بوونی  د. له‌تیف جه‌مال ڕه‌شید سه‌ركۆماری عێراقی فیدڕاڵ، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان و ئه‌كادیمی و لێكۆڵه‌ران و میوانانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ ڕێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی ده‌رباره‌ی كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی گۆڕانی ئاووهه‌وا له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان و گرنگیی هه‌بوونی پلان و ستراتیژی به‌ره‌نگاربوونه‌وی مه‌ترسییه‌كانی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

 

بەڕێز جەنابی د. لەتیف سەرۆكی كۆماری عێراقی فیدراڵ،

 

جەنابی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك مەسروور بارزانی،

 

جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك قوباد تاڵه‌بانی،

 

ئامادەبووانی بەڕێز،

 

ڕۆژتان باش،

 

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن بۆ كۆڕبه‌ندی (گۆڕانی ئاووهه‌وا و كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر عێراق). ده‌ستخۆشی له‌ ڕێكخه‌رانی ده‌كه‌م، هیوادارم سه‌ركه‌وتووانه‌ كاره‌كانی ته‌واو ببن و ئه‌نجام و ڕاسپارده‌ و پێشنیاری باش و كرده‌یی، بۆ چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، پێشكه‌ش بكات.

 

به‌داخه‌وه‌، عێراق كاریگه‌رییه‌كی زۆری گۆڕانی ئاووهه‌وای له‌سه‌ره‌. به‌پێی نوێترین ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ ڕیزبەندی پێنجه‌مدایه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ لێكه‌وته‌ی خراپی بۆ سه‌ر ته‌واوی بواره‌كانی ژیان له‌ عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ هه‌یه‌. چه‌ندین مه‌ترسی دروست كردووه‌ و ده‌كات، وه‌ك به‌بیابانبوونی زیاتر و له‌‌ناوچوونی زیاتری زه‌ویی كشتوكاڵی. به‌پێی ئاماره‌كان ساڵانه‌ سەدان كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ زه‌ویی كشتوكاڵی له‌ عێراق ده‌بێته‌‌ وشكایی و بیابان.

 

هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام و زیاتری ئاوی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی، لاوازبوونی ئاسایشی خۆراك، زیادبوونی كۆچ له‌ شوێنه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

 

ئاماره‌كانی (IOM) ده‌ڵێن: ئه‌م ساڵانه‌ی‌ دوایی تا مانگی ده‌ی ساڵی ڕابردوو، (130) هه‌زار كه‌س له‌ باشووری عێراق ناچار بوون شوێنی ژیانیان چۆڵ بكه‌ن. ئه‌مه‌ وێڕای تێكچوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌یی و زیادبوونی ڕێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری، زیادبوونی كێشه‌ی ته‌ندروستی و كاره‌ساتی سروشتی و چه‌ندین لێكه‌وته‌ی دیكه‌ش.

 

دۆخی ڕابردوو وایكردووه‌ عێراق وه‌ك پێویست نه‌پڕژێته‌ سه‌ر گرنگی و جددییه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌. بۆیه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ وڵاتانی دیكه‌ پێویستیمان به‌ كاری خێرا و دانانی پلان و ستراتیژی هه‌نووكه‌یی و كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن هه‌یه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی گۆڕانی ئاووهه‌وا ببینه‌وه‌ و به‌ر به‌ لێكه‌وته‌ و كاره‌ساته‌كانی بگرین.

 

بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ ئه‌م پرسه‌ ببێته‌ كاری له‌پێشینه‌ و مه‌ودا و ڕووبه‌ڕێكی زیاتر و جددیتر له‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگرێت و پێكه‌وه‌ هاوكار بن.

 

بودجه‌ی پێویست لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بۆی دابین بكرێت و دامه‌زراوه‌ و ده‌زگای تایبه‌تی هه‌بێت كه‌ ده‌سه‌ڵات و توانای زیاتریان هەبێت له‌وانه‌ی ئێستا هه‌ن و له‌ ئاستی مه‌ترسی و ئاڵنگارییه‌كان و فراوانیی لێكه‌وته‌كانیدا بن.

 

گرنگ و پێویسته‌ سیسته‌م و پرۆگرامه‌كانی خوێندن و په‌روه‌رده‌، بایه‌خی زیاتر به‌ هۆشیاری و كولتووری ژینگه‌پارێزی و پاراستنی ئاو و پیسنه‌كردنی هه‌وا و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی وزه و كه‌مكردنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاك بده‌ن‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ی میدیا و ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیرییه‌كان، ته‌نانه‌ت ئایینییه‌كانیشه‌وه‌، ئاستی هۆشیاریی تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌رهه‌ق به‌م پرسه‌ گرنگ و ژیانییه‌ به‌زر بكه‌نەوه‌‌.

 

به‌ڕێزان..

 

له‌گه‌ڵ گۆڕانی ئاووهه‌وا و لێكه‌وته‌كانیدا، ‌‌بایه‌خ و گرنگیی ئاو زیاتر ده‌بێت و ده‌بێ باشتر به‌ڕێوه‌ ببرێت. عێراق به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی زۆرترین ئاوی ڕووباره‌كانی له‌ وڵاتانی دراوسێوەیە‌، ناچاره‌ بایه‌خێكی زیاتر به‌م پرسه‌ بدات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئاسایشی ئاوی خۆی مسۆگه‌ر بكات.

 

جگه‌ له‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ عێراق ده‌بێ ده‌ستوبرد بكه‌ین و له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌‌ و جیهاندا هه‌ماهه‌نگی و هاریكاریی هاوبه‌شمان فراوان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ره‌نگاری مه‌ترسی و ئاڵنگارییه‌كانی گۆڕانی ئاووهه‌وا ببینه‌وه‌، گرنگه‌ له‌ ناوخۆشدا پلان و ستراتیژێكی نیشتمانیی تۆكمه‌ ئاماده‌ بكه‌ین و تا زووتره‌ بیخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌‌.

 

هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری سامانی ئاو ده‌وڵه‌مه‌نده. ده‌بێ بایه‌خ و گرنگیی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌كانی به‌نداو و پۆندی گلدانه‌وی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان و لە عێراق بدرێت. گرنگه‌ له‌م بواره‌دا و بۆ چاندنی دارستانه‌كانیش پێویستە حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ یارمه‌تییەكی تەواوی هه‌رێمی كوردستان بدات.

 

هه‌ڵكه‌وته‌ و تۆپۆگرافیای هه‌رێمی كوردستان زۆر یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ دروستكردنی چه‌ندین به‌نداو و سه‌دان پۆند كه‌ ده‌كرێ ئاوێكی زۆر گلبده‌نه‌وه‌ و هاوكارێكی باش بن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی گۆڕانی ئاووهه‌وا له‌سه‌ر عێراق. داوا له‌ جه‌نابی سه‌رۆككۆماریش ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ ته‌شریفی هێناوە و لێره‌یە‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوكار و یارمه‌تیده‌ری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت.

 

هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م كه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ ژماره‌یه‌ك‌ پۆندی له‌ چه‌ندین شوێنی هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه‌ و ساڵانه‌ ڕێژه‌یه‌كی باش ئاوی گلداوەتەوە‌، ئەم هەنگاوە جێی دەستخۆشی و پێزانینە.

 

به‌ڕێزان..

 

هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی درێژخایه‌نمان له‌ كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان گه‌وره‌تره‌ و ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوا و بنه‌مایه‌ كار بكه‌ین. له‌ ماوه‌ی چه‌ندین هه‌فته‌ی ڕابردوودا له‌ عێراق هه‌نگاوی باشمان بۆ پته‌وكردنی متمانه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موومان به‌ ده‌وری نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی نیشتمانییانە‌ هه‌ڵناوه‌.

 

ئه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی ده‌بێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش كه‌ خێری بۆ ته‌واوی عێراق ده‌بێت. ئێمه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ هاوكاری و پێكه‌وه‌یی، ده‌توانین خزمه‌تی زۆر باشتر بكه‌ین و وا بكه‌ین داهاتوو بۆ هه‌موومان باشتر بێت.

 

ئەو هەنگاوانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ماوەیەدا ناویەتی بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا، هەنگاوی زۆر گرنگ و جێی دەستخۆشین. ئێمە داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكەین، داوا دەكەین كە بەپیر ئەو داواكارییانەوە بێت و بە زووترین كات كێشەكان چارەسەر بكات، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە ئەوه‌یە كە دەبێت حكوومەتی فیدراڵ ئەركەكانی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

 

له‌ كۆتاییدا، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشی پێشكه‌ش به‌ ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق، زانكۆی كوردستان ـ هه‌ولێر و دامه‌زراوه‌ی به‌حر ئه‌لعلووم ده‌كه‌م بۆ ڕێكخستنی ئه‌م چالاكییه‌ گرنگه‌. هیوادارم ئه‌نجامی باش و سوودبه‌خشی لێ بكه‌وێته‌وه‌.

 

زۆر سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌كتان،

 

هیوای ڕۆژیكی خۆشتان بۆ ده‌خوازم و بە خێر بێن..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...