كۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ

هەولێر؛ ٢٢٥ کەس بەهۆی پەلاماری سەگ و پێوەدانی دووپشکەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە

لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٢٥ کەس بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە و پێوەدانی دووپشکەوە، گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە، کە وێنەیەکی دەست زێدپرێس کەوتووە، لەماوەی مانگی نیسانی ڕابردوودا، ٦٥ بریندار کە لەلایەن سەگی بێلانەوە پەلاماردراون، گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە و ٤٤ کەسی دیکەیش بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە.

ئامارەکانی نەخۆشخانەکە پیشانی دەدەن، حاڵەتەکانی پەلاماری سەگی بێلانە بۆ سەر دانیشتووانی شاری هەولێر و هەروەها پێوەدانی دووپشک، لەماوەی مانگی ڕابردوو بەراورد بە هەرسێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ، بەڕێژەیەکی زۆر بەرزبوونەتەوە.

لەمانگی ئاداری ڕابردوو، ٤٧ کەس بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە و تەنیا چوار کەس بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکە، لە مانگی شوباتیشدا ١٥ کەس بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانە و لە کانوونی دووەمیشدا ٥١ کەسی دیکە بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانەوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر تۆمارکراون، بەڵام هیچ حالەتێکی پێوەدانی دووپشک لەو دوو مانگەدا، لە نەخۆشخانەکە تۆمار نەکراوە.

لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، سەگی بێلانە لە شاری هەولێر پەلاماری ٧٠٣ کەس و لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، لە هەمان نەخۆشخانە ٨٠٤ حاڵەتی گازگرتن و پەلاماردانی خەڵک لەلایەن سەگی بێلانەوە تۆمارکراوە. بەو جۆرە، هەزار و ٥٠٧ کەس لە شاری هەولێر لەماوەی ئەو دوو ساڵە لەلایەن سەگی بێلانەوە پەلاماردراون، بەڵام لەماوەی ٢٠٢٣ بەراورد بە ٢٠٢٢ حاڵەتەکانی پەلاماری سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان بەڕێژەی نزیکەی ١٣٪ لە کورتی داوە.

سەرەڕای هەڵکشانی حاڵەتەکانی پەلاماری سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان لەماوەی مانگی نیسانی ڕابردوو، بەراورد بە هەر سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ، بەڵام ژمارەکە بەراورد بە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو، زۆر لە کورتی داوە، بەجۆرێک کە لە چوار مانگی سەرەتای ٢٠٢٣دا، بەدیاریکراوی ٣٠٦ حالەتی پەلاماری سەگی بێلانە بۆ سەر هاووڵاتییان، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر تۆمارکراوە، بەڵام لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، تەنیا ١٧٨ حالەت تۆمارکراوە و ئەوەش کەمبوونەوەکە بەڕێژەی زیاتر لە ٤٠٪.

هەڵکشانی حاڵەتەکانی پەلاماری سەگی بێلانە بۆ سەر دانیشتووانی هەولێر، وایکرد حکوومەتی خۆجێی شارەکە پەناگەیەک بۆ سەگە بێلانەکان بکاتەوە. تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، زیاتر لە هەزار سەگی بێلانە لەناو شاری هەولێر کۆکراونەتەوە و خراونەتە شوێنی داڵدەدانی سەگی بێلانەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...