هه‌واڵ

یەکێتی مامۆستایان: ٤٤ مووچەی پاشەکەوتکراو و ١٢ مووچەیەی نەدراو بخرێتە سەر هەژماری بانکییەوە

مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوا دەکات، ئەو ٤٤ پاشەکەوت و لێبڕینەی لە مووچە کراوە و مووچەی ١٢ مانگیش کە بە مامۆستایان نەدراوە، بخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییەی بۆ مامۆستایان دەکرێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەم، ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤، بەبۆنەی ٦٢ ساڵەی دامەزراندنییەوە بڵاویکردەوە، چەند داخوازی و داواکاریی مامۆستایان ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە سیاسییەکان دەکات.

یەکێتی مامۆستایان پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە، کە “دەبێت لایەنە سیاسییەکان بە هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەییانەوە کار بکەن، بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و ململانێیەکان، چونکە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کەمیان نەبینیوە، تاوەکوو ڕووبەڕووی گرفتی زیاتر ببنەوە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “دەبێت حکوومەتی هەرێم، هەردوو پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لەڕیزبەندی یەکەمی بەرپرسیارێتییەکان دابنێت و زۆرترین ئیمکانیاتی ماددی بۆ بڕەخسێنێت” و بە پێویستی دەزانێت “مامۆستایان و فەرمانبەران چیتر نەکرێنە قوربانی نێوان حکوومەتی ناوەند و هەرێم، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت کۆتایی بە دواکەوتنی مووچە بهێنرێت و هەر کەسە و ژمارەی حیسابی تایبەتی خۆی بۆ بکرێتەوە”.

مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، پێداگیری دەکات کە “دەبێت کاربکرێت بۆ ئەوەی ئەو (٤٤) پاشەکەوت و لێبڕینەی لە مووچە کراوە و ئەو (١٢) مووچەیەی نەدراوە، لەو ژمارە حیسابەدا دابنرێت”.

یەکێتی مامۆستایان جەختی لەوە کردووە، کە “بەرزکردنەوەی مووچە پێدراوێکی یاساییە و تا زووە دەبێت بگەڕێندرێتەوە”. داواش دەکات یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٤ جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی “کۆتایی بەو نایەکسانییە بهێنرێت کە لە هەرێم بەرانبەر خانەنشینان بەکاردەهێنرێت”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، یەکێتی مامۆستایان بە گرنگی دەزانێت، کۆتایی بە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بهێنرێت و بە فەرمی دابمەزرێندرێن، لەکاتێکدا ئەوان لە ساڵانی ڕابردوو، “بەشێکی گرنگی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بوونە”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، یەکێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەڵبژاردن و کۆنفرانس ئەنجام بدەن و بۆ ئەوەش داوای هاوکاری و پاڵپشتی لە سەرۆکایەتییەکان دەکات و دووپاتیشی کردووەتەوە، کە ئەگەر ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن “پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەباشی بەڕێوەناچێت و ئامانجە بونیادییەکانی ناپێکێت”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...