هه‌واڵ

چارەنووسی ئیبراهیم ڕەئیسی و هێلیکۆپتەرەکەی دیار نییە

دوای کردنەوەی بەنداوێک لە پارێزگای تەورێز، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بە هێلیکۆپتەرێک بەرەو تاران گەڕایەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرەکە تووشی ڕووداوێک بووە و تا ئێستایش چارەنووسی ڕەئیسی و سەرنشینەکانی هێلیکۆپتەرەکە دیار نییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، بەشداری لە کردنەوەی بەنداوێک لە پارێزگای تەورێز کرد و بە هێلیکۆپتەرێک بەرەو تاران گەڕایەوە. بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، لەکاتی گەڕانەوە و بەهۆی ناجێگری کەشوهەواوە، هێلیکۆپتەرەکە تووشی ڕووداوێک بووە، کە تا ئێستا چارەنووسی ڕەئیسی و سەرنشینەکانی دیکەی هێلیکۆپتەرەکە دیار نییە.

جگەلە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، هەریەک لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە، ئایەتوڵا ئەلهاشم پێشنوێژی پارێزگای تەورێز و مالیک ڕەحمەتی پارێزگای تەورێز لەناو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون.

میدیای فەرمی ئێران ڕایگەیاندووە، بەهۆی سەختی ناوچەکە و ناجێگری کەشوهەواوە، تیمەکانی فریاگوزاری تەنیا دەتوانن لەسەر زەوی بەدوایدا بگەڕێن و توانای گەڕان بە ڕێگەی هێلیکۆپتەر و ڕێگای ئاسمانی نییە.

ئەو ناوچەیەی هێلیکۆپتەرەکەی تێدا تووشی ڕووداوەکە بووە، ناوچەیەکی سەختی کوێستانییە و نزیکەی دوو کاتژمێر لە تەورێزەوە دوورە.

ناوەندەکانی کەشناسی، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لەماوەی دوو کاتژمێری داهاتوودا، لەگەڵ هاتنی بارستە هەوایەکی نوێ، پێشبینی دەکرێت ساردییەکی زۆر ناوچەکە بگرێتەوە و ئەوەش ئاستەنگی زیاتر بۆ تیمەکانی فریاگوزاری دروست دەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...