هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەک نابێت

زێدپرێس

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان.

 

ئەو گوتانەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانەی دیدارێکیان هات، کە ئەمڕۆ دووشەم ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لەگەڵ شاندیکی پەرلەمانی کەنەدا ڕێکخرا.

 

شاندەکەی پەرلەمانی کەنەدا لەلایەن پەرلەمانتار تۆم کیمج سەرۆکایەتی دەکرا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی دیدارەکە، کە سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی شاندی پەرلەمانتارانی کەنەدی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا خستەڕوو، کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی زۆرینەی پارتەکانی کەنەدا پێکهاتووە و ئامانجیان پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و پەرەپێدانی پەیوەندیی کەنەدا و هەرێمی کوردستانە .

 

ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە شاندەکە ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئازادی ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هاوشێوەی ئەو ئازادییانەیە کە لە  کەنەدا هەن .

 

هەر لەو دیدارەدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی پەیوەندیی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و وەک دەڵێ “لەمبارەیەوە ڕوونمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت و ئەجێندای حکوومەتیش ناگیرێت، کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا” .

 

دووپاتیشی کردەوە، “خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...