هه‌واڵ

چوار مامۆستای ئایینی بە ١١ ساڵ زیندانیکردن سزا دران

زێدپرێس

 

چوار مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی شەریف مەحموودپوور، سەید سولەیمان ئەحمەدی، سەید جەمال واژی و یوونس نەوخاە لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە سزای ١١ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا. ئەم چوار مامۆستا ئایینییە ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندی بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، مامۆستا شەریف مەحموودپوور و مامۆستا سەید جەمال واژی، بەرنوێژی هەینیی مزگەوتی گوندی “پەسوێ”ی سەر بە شاری پیرانشار، هەریەکەیان سزای دوو ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدی، مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدین ئەیووبی لە پیرانشار، سزای چوار ساڵ بەندکردن و مامۆستا یوونس نەوخاە مامۆستای زانستە ئایینییەکان قوتابخانەی سەلاحەدین ئەیووبی، سزای ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێکخراوەکە باسی لەوە کردووە، ئەو مامۆستا ئایینییانە بە تۆمەتی “واژۆی بەیاننامەی مامۆستایانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژنان، ژیان، ئازادی و بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان”، “هەوڵ بۆ تێکدانی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” و “هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی”، لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئورمیە، سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، مامۆستا سەید سولەیمان ئەحمەدی و مامۆستا یوونس نەوخاە، ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنیان ئازاد کراون.

پێشتریش مامۆستایان سەید جەمال واژی و مامۆستا شەریف مەحموودپوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنیی ئێرانی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنیان ئازادکراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...