سوودانی: پێویستە پەلە بکرێت لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەم، ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤، سوودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەنگاوەکانی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراقی دووپاتی لە پابەندێتی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق کردووەتەوە، بەمەبەستی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، پێویستە پەلە بکرێت لە تۆمارکردنی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی بە بەرپرس دانا لە گرەنتیکردنی مافەکانی فەرمانبەران “لە هەر کوێیەک بن”.
لە شوباتی ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لەسەر بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا، لەڕێگەی بانکە حکوومییەکانەوە.
هەرچەند کێشەی لەسەر هەیە، بەڵام پێشتر لە ڕێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە نزیکەی ٣٠٠ هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و لە دوو هەفتەی ڕابردووشدا و دوای هاتنە پێشەوەی بانکی بازرگانیی عێراق لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە دوو جار ناوی ٨٢١ فەرمانبەر ئاڕاستەی بانکەکە کراوە بەمەبەستی بەبانکیکردنی مووچەکانیان لەلایەن ئەو بانکە حکوومییەوە، بەڵام تا ئێستا زانیارییەک نییە لەسەر ئەوەی بانکەکە بە کرداریی دەستی بە پڕۆسەی تۆمارکردنی زانیاری فەرمانبەران کردبێت.