هه‌واڵ

دەستەی مافی مرۆڤ نیگەرانی لە تێوەگلانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە تاوانەکانی کوشتن دەردەبڕێت

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی لەبارەی “چەند حالەتێکی کوشتن و شەڕ و دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتییان” لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، “ناکرێ ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەشێک بن لە تاوانەکان و شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربێنن بۆ ئەنجامدانی تاوان و  هەڕەشە و کوشتن و لێدان”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەقی پەیامەکە:

 

بەداخەوە ماوەیەکە چەند حاڵەتێکی کوشتن و شەڕو تەقەو دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتییان تۆمارکراوە و ڕوویداوە لەشار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەی جێگەی نیگەرانی و دڵتەنگی ئێمەیە لەبەشێک لەو حاڵەتانە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەشداربوونە و تۆمەتبارن بەحاڵەتەکان کە ئەوە ئاماژەیەکی خراپە، چونکە ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنییەکان بریتیە لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و ناکرێ خۆیان بەشێک بن لە تاوانەکان و ناکرێ ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربێنن بۆ ئەنجامدانی تاوان و  هەڕەشە و کوشتن و لێدان.

لەکاتێکدا لەهەفتەی ڕابردوو ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکان لەشاری سلێمانی خۆی کەسێکی کوشت و ئەمجارەش دووبارە ئەندامێکی هەمان ئەو هێزە ئەمنیە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاوڵاتیەکی کاسبکار کە هەردوو حاڵەت جێگەی پرسیارە کە بەچەکی فەڕمی ئەنجام دراون

ئەگەرچی جێی دەستخۆشیە هەردوو تۆمەتباری هەردوو ڕووداوەکە دەستگیرکراون

ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەمان کات نیگەرانی ئەوەشین کە هێشتا چەک بەدەستی هاوڵاتیانەو لەیەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاردێ و بۆتە مایەی ڕوودانی حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەی بەردەوام و دروست کردنی نائارامی لەهەندێ شوێن و ناوچە کە پێویسته حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆۆر جددی تر کۆنتڕۆڵی ئەو دیاردە ناشارستانی و نایاساییانە بکات و بەتەواوی دیاردەی چەکداری کۆنتڕۆڵ بکاو داواکراوانیش بدرێنە دادگاو بۆ هیچ کەسێک نەبێ داڵدەیان بدات.

لەهەمان کات پێویستە ئەندامانی دەزگا ئەمنیەکان باشتر ڕابهێنرێن و ئاگادار بکرێنەوە کەبە هیچ شێوەیەک دوای دەوامی فەرمی بۆیان نیە چەک بەکاربێنن و نابێ بەشێک بن لە حاڵەتەکانی تاوان .

بەهیواین ئاسایشی کۆمەڵگەکەمان زیاتر پارێزراو بێ هاوڵاتیان باشتر هەست بە ئارامی و ئاسودەیی بکەن.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.

‌‌ ‌28 تەموزی 2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button