“ئەو درۆنەی هەنییەی پێ تیرۆرکراوە لە هەرێمی کوردستانەوە گەیەنراوەتە ئێران”
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئێران، لەکاتژمێر ١:٤٥ خوولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم، ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٤، ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، لە شوێنی مانەوەی، لە باکووری تاران کوژراوە.
ڕۆژی پێشتر، هەنییە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران سەردانی وڵاتەکەی کردبوو.
دوابەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئاژانسی ئەمواج-لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت- لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانی کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، ڕایگەیاند، باوەڕیان وایە ئیسماعیل هەنییە لەڕێگەی درۆنی بچووکەوە بە ئامانج گیراوە و پێشتریش ئەو درۆنە بچووکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی لەناوخۆی ئێران بەکارهێنراوە.
هێشتا وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی سنوردارن. بەپێی بەیاننامەیەکی سەرەتایی کە لەلایەن سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێرانەوە کاتژمێر ٦:١٠ خوولەکی بەیانی بڵاوکراوەتەوە، “شوێنی نیشتەجێبوون”ی هەنییە بە ئامانج گیراوە و لە ئەنجامدا هەنییە و یەکێک لە پاسەوانەکانی تیرۆرکراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هۆکار و ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە “لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت و ئەنجامەکانی ڕادەگەیەنرێت”.
سەرچاوەیەکی سیاسی باڵای ئێران، بە ئاژانسی ئەمواجی ڕاگەیاندووە، هەنییە و میوانە بیانییە باڵاکانی دیکە کە بەشدارییان لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی پزیشکیان کردووە، لە کۆمەڵگەی سەعادەباد دەمێننەوە، کە دەکەوێتە نزیک گۆڕەپانی تەجریش لە باکووری تاران، ئەو شوێنەیش پەیوەندی بە سەرۆکایەتی کۆمارەوە هەیە، لەبەرئەوە هێرش بۆ سەر ئەو کۆمەڵگایە، زیاتر شەرمەزارکەر دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران بەو پێیەی کەسایەتییە بەرزەکانی دیکەی میوان لە دەوروبەری ئەو ناوچەیە دەبن.
سەرچاوە ئێرانییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە دوای کردەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بەپەلە کۆبووەتەوە. ئەنجوومەنەکە بڕیار لەسەر بابەتەکانی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە دەدات. دەگوترێت کۆبوونەوەکە لە شوێنی مانەوەی ڕێبەری باڵای ئێران بەڕێوەچووە، بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا خامنەیی و هەروەها سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دادوەری و یاسادانان.
سەرچاوەیەکی باڵا کە بەشداری کۆبوونەوە بەپەلەکەی کردووە، بە ئەمواجی ڕاگەیاندووە، گومان هەیە کە یەکەم ئەڵقەی ئەمنی هەنییە واتە پاسەوانە فەلەستینییەکانی دەستیان لە کوشتنی ئامانجداردا هەبووبێت. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەڵسەنگاندنی سەرەتایی تاران ئەوەیە کە لە دوای زانیاریی تیمی ئەمنیی هەنییە، درۆنێکی بچووک بۆ بەئامانجگرتنی هەنییە بەکارهاتووە. هەرچەند ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو بانگەشەیە پشتڕاست بکاتەوە و گومانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ڕەنگە بۆ لابردنی بەرپرسیارێتی بێت لە شکستەکانی دەزگای هەواڵگری ئێران.
بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی، بەکارهێنانی درۆنی بچووک لەگەڵ ڕووداوەکانی پێشوودا دەگونجێت کە ئیسرائیلیان تێدا تۆمەتبار دەکرێت. وەک هێرشکردنە سەر دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە وەزارەتی بەرگری لە ناوەندی وڵاتەکەدا. جێگای سەرنجە، دەزگای هەواڵگریی ئێرانیش چەندین جار شانازی بەوە کردووە کە پارچەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووکەکان کە لە ناوخۆی وڵاتدا کۆدەکرێنەوە.
بەرپرسە ئێرانییەکە، بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، پارچەکانی درۆنەکە بە قاچاغ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران دەگوازرێنەوە و لەوێ کۆدەکرێنەوە و دەبەسترێتەوە.
وەک ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی کردووە، پێشبینی دیکەیش هەن، کە هێرشەکە لەڕێگەی مووشەکی دوورمەودا یان فڕۆکەی بچووکەوە ئەنجامدرابێت-ڕەنگە لە ئاسمانی دەوڵەتێکی دراوسێی ئێرانەوە. ئەوەش لەگەڵ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی بەرگریی ئاسمانی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤ دەگونجێت، کە پارێزگاری لە ناوەندەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن و بانگەشەکە ئەوەیە مووشەکێک کە ئاسمانی عێراقەوە ئاڕاستە کراوە.