هه‌واڵ

هۆشدارییەک لە وەزارەتی کشتوکاڵییەوە بۆ هاووڵاتییانی کوردستان

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر کەس و لایەنێک بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتەکە پەنجەماسی لە بەنداوەکانی کوردستان دابنێت، ڕووبەڕووی ڕێکاریی یاسایی دەکرێتەوە.

 

وەزارەتەکە، ئەمڕۆ ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەت ساڵانە پلانی تایبەتی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی و گرنگیدان بە بوژانەوەی ژێرخانی سامانی ماسی لە ڕێگەی بەنداوەکان و پڕۆژەکانی ئاودێری، ئەوەش دوای پشکنینی سەرچاوەی ئاوی شوێنەکە، بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و جۆری پەنجەماسییەکان، بەڕەچاوکردنی کەشوهەوا و ڕاپۆرتی فەرمی تیمی تەکنیکی و زانستی لە وەزارەت دەکرێت.

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بەدوای ڕاگەیاندنی کەمپەینێک دێت، کە بۆ دانانی پەنجەماسی لە بەنداوی گۆمەسپان لەلایەن خەڵکانێکەوە ڕاگەیەندراوە، بەڵام وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە دانانی پەنجەماسی بەدوای پڕۆسەیەکی زانستی و تەکنیکی دێت و هاوکات هێشتا بەنداوی گۆمەسپان تەواونەبووە.

وەزارەتەکە هۆشداریش بە هاووڵاتییان دەدات، کە “هەر کەس و لایەنێک بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداری وەزارەت هەستێت بەدانانی پەنجەماسی لە بەنداوەکانی هەرێم، ڕووبەڕووی ڕێکاریی یاسایی دەبێتەوە و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ .”

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ئاگادارییەک بۆ هاووڵاتییانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان

 

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەلایەن چەند کەسێکی بەڕێز کەمپینێکی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ دانانەوەی پەنجەماسی لەبەنداوی (گۆمەسپان) ڕاگەیەنرا، دوابەدوای بەدواداچوون و ڕاسپاردنی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەلایەن جەنابی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەپێویستی دەزانین کە ئەم خاڵانەی خوارەوە وەکوو ئاگاداری و ڕوونکردنەوە پێشکەش بکەین:

 

  • ڕاگەیاندنی کەمپەین و کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئەم بابەتە بەبێ ڕەزامەندی و هەماهەنگی لایەنی فەرمی و بەرپرسیار کارێکی نایاساییە و لەهەمانکاتدا بەنداوی گۆمەسپان ئێستا لە قۆناغی کارکردندایە و بە فەرمی کۆتایی بەکارەکانی نەهاتووە، بۆیە لەم حالەتەدا هەر جۆرە چالاکی و پڕۆژەیەک لەسەر بەنداوەکە جێگەی مەترسییە و بەرپرسیارێتی دەبێ و پێویستە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ فەرمانگەکانی وەزارەت بکرێت و بە فەرمی مۆڵەت وەربگیرێت .
  • وەزارەت ساڵانە پلانی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی و گرنگیدان بە بوژانەوەی ژێرخانی سامانی ماسی لە ڕێگەی بەنداوەکان و پڕۆژەکانی ئاودێری، دوابەدوای پشکنینی سەرچاوەی ئاوی شوێنەکە، بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و جۆری پەنجەماسییەکان، بەڕەچاوکردنی کەشوهەوا و ڕاپۆرتی فەرمی تیمی تەکنیکی و زانستی لە وەزارەت .
  • لە ژێر ڕۆشنایی ئەو سەرنج و تێبینییانەی کە هەیە، هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەت بن و هەر کەس و لایەنێک بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداری وەزارەت هەڵسێت بەدانانی پەنجەماسی لەبەنداوەکانی هەرێم، ڕووبەڕووی ڕێکاریی یاسایی دەبێتەوە و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ .

 

ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

٨ی نیسانی ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...