هه‌واڵ

زانکۆی زاخۆ: پەچە قەدەغە نەکراوە

زانکۆی زاخۆ ئەو زانیارییانە ڕەت دەکاتەوە، کە لە زاری کچێکی خاوەن پەچەوە بڵاوکرانەوە و ڕایدەگەیەنێت، پەچە قەدەغە نەکراوە، بەڵکوو چەند قوتابییەک ئامادەنەبوون لەکاتی تاقیکردنەوەدا پشکنینیان بۆ بکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوابەدوای بڵاوکردنەوەی لێدوانی چەند کچە قوتابییەکی زانکۆی زاخۆ کە پەچە (نیقاب)یان کردووە و بەهۆیەوە ڕێگەیان نەدراوە بەشداری لە تاقیکردنەوەی ئەزموونەکان بکەن، سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەو زانیارییانە ڕەت دەکاتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەی زانکۆی زاخۆدا هاتووە، بەشی خوێندنی ئیسلامی بەهیچ شێوەیەک بڕیاری قەدەغەکردنی پەچەی نەداوە، بەڵکوو ئەمڕۆ یەکشەم لەبەر بابەتی قۆپیەکردن، پێشتر قوتابییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە پێویستە لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا پەچە لابدەن، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون.

بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ، دواتر لێژنەی تاقیکردنەوەکان قوتابییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە دەبێت پێش چوونە هۆڵی تاقیکردنەوە لەلایەن چاودێرێکی ژنەوە پشکنینیان بۆ بکرێت، بەڵام دیسان هەندێک لە قوتابییەکان ڕازی نەبوون.

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، لە یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەکان لە زانکۆی زاخۆ ڕێگری لە چەند قوتابییەک کرا بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکەن، میدیاکان لە زاری ئەو کچە قوتابییانەوە بڵاویان کردەوە، کە زانکۆکە بڕیاری قەدەغەکردنی پەچەی داوە و ئەوانیش ئامادەنەبوون پابەندی بڕیارەکە بن و لەبەرئەوە لە تاقیکردنەوە بێبەشکراون، بەڵام بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی زانکۆی زاخۆ، قوتابییەکان تەنانەت ڕێگەیان نەداوە، بەشێوەیەکی ئاسایی و لەلایەن چاودێرێکی ژنیشەوە پشکنینیان بۆ بکرێت.

بڕیاری هەڵگرتنی پەچە لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا، لەکاتێکدا دێت کە هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن ساڵی ڕابردوو دوو کچ کە لە ڕێگەی پەچەوە ڕووخساریان بە تەواوەتی داپۆشیوە، لەجیاتی خوشکە قوتابییەکان چوونەتە هۆڵی تاقیکردنەوەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...