هه‌واڵ

“قادر عەزیز گوتی مام جەلال لێرە نییە و نەوشیروان مستەفاش سواری سەری خۆی بووە”

بەگوتەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، پێش تیرۆرکردنی پێنج ئەندامەکەی کۆمۆنیست لە شاری سلێمانی، قادر عەزیز بە شاندی حزبەکەی ڕاگەیاندووە، “ناتوانرێت هیچ شتێک بکرێت، چونکە مام جەلال لێرە نییە و نەوشیروان مستەفاش سواری سەری خۆی بووە”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ١٤ی تەمووزی ٢٠٠٠دا، پێنج ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە شاری سلێمانی و لەلایەن هێزێکی چەکداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کوژران و هەر ئەوکاتیش دەستیان بەسەر بارەگاکانی حزبەکەدا گرت.

موحسین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و سەرنووسەری هەفتەنامەی ئۆکتۆبەر کە لەلایەن حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە بڵاودەکرێتەوە، لە وتارێکدا باسی لە ڕووداوەکانی پێش تیرۆرکردنی ئەندامانی حزبەکەیان کردووە.

موحسین کەریم لە وتارەکەیدا دەنووسێت، “پێش ڕووداوەکە سەردانی حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتکێشانمان کرد بۆ ئەوەی دەوریان هەبێت لە پێشگرتن بەو پیلانگێڕییەی یەکێتی دژی حزب. سەردانی کۆمیتەی محەلی سلێمانی حزبی شیوعیم کرد. باسی ئەوەم کرد کە یەکێتی پیلانێکی وای هەیە و داوا دەکەین ئێوە دەورتان هەبێت لە پێشگرتن بەو تاوانەی یەکێتی دەیەوێ دژی حزبی ئێمە ئەنجامی بدات”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیست درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات و دەڵێ: “باشم بیرە ئەوکات لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد حامد دانیشتم و بەڵێنیدا هەوڵی خۆیان بدەن، بەڵام ئیتر هەرئەوە بوو. هیچمان نەدی. جا ئایا ئەوان هەوڵیان داوە یان نا، ئێمە ئاگادارنەکراین، لەکاتێکدا من بەڕەسمی چوومە بارەگاکەیان و داوام کرد بکەونە نێوانمانەوە! هەر لەوێدا باسی هەڵوێستی قادر عەزیزیشم کردووە، کاتێك من و خەسرەو سایە چووینە لای و داوامان کرد کە ئەوانیش هەوڵی خۆیان بدەن بۆ پێشگرتن بەو پیلانگێڕییە، بەڵام قادر عەزیز لە وەڵامدا گوتی: وەڵا هیچ ناکرێ، مام جەلال لێرە نییە، ئەو کابرایە (واتە نەوشیروان) سواری سەری خۆی بووە و دوای ئێوە لە ئێمەش دەدات!”.

لە ١٤ی تەمووزی ٢٠٠٠دا، پێنج ئەندامی حزبی کۆمۆنیست بەناوەکانی محەمەد مستەفا، ناسراو بە کەریم، ئومێد نیکبین، ئیبراهیم محەمەد ناسراو بە هاوکار، هاوڕێ لەتیف و عەبدولباست موحسین ناسراو بە شێخ عەبدول، لەلایەن یەکێتیی نیشتمانییەوە لە شاری سلێمانی تیرۆرکران و لەوکاتەوە تا ئێستا، حزبی کۆمۆنیست نەوشیروان مستەفا بە سەرکردایەتیکردنی ئەو تاوانە تۆمەتبار دەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button