هه‌واڵ

مەلا بەختیار: دیاردەی تیرۆر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە

مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کوشتن و گرتن و تیرۆر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە سلێمانی زیاترە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ شەممە، ٣ی ئابی ٢٠٢٤، مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کوشتن و گرتن و تیرۆر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە سلێمانی زیاترە. ئەو دۆخەکەی بە “دیاردەی تیرۆر” ناوبرد.

ئاماژەی دا، “هەموو ئۆباڵی ئەو دۆخەی لە سلێمانی ڕوودەدات لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە” و بە پێویستی زانی و حکوومەتی خۆجێی شارەکە بە ئەرکی خۆی هەستێت لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و لەو ڕووەوە گوتی: “پێویستە پارێزگاری سلێمانی زیاتر شانی بداتە بەسەر بەرپرسیارێتی و لەبەرانبەر تاوانەکانی کوشتن و ئەرزداگیرکردن و موڵکی حکوومەت، دەبێت بەڕاستی پارێزگار و قایمقام و دامودەزگاکانی سلێمانی گوێ بەوە نەدەن سەر بە چ حزبێکن، گوێ بەوە بدەن کە نیشتمانەکە چۆن دەپارێزن”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “یەکێتی ئەگەر سنورێک بۆ ئەم کوشتن و بڕینە دانەنێت، هەم لەم هەڵبژاردنە و هەم لەدوای هەڵبژاردن زەرەری لێ دەکات”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا مەلا بەختیار باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد و هەبوونی زیاتر لە ٧٠ لیستی بۆ هەڵبژاردنەکە بە نائاسایی پێناسە کرد.

لەکاتێکدا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی بڕیاری لەسەر دراوە  کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەکاری “باشی” بۆ کردووە و حزبەکان ئامادەکارییان کردووە، وەک مەلا بەختیار گوتی: “ئەگەر ئەو هێرشەی تورکیا دەستی پێکردووە، ئاڵۆزی بخاتە هەموو ناوچەی بادینانەوە، مەترسی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست دەکات”.

لەمەڕ داهاتووی کوردیش لە عێراق، سەرنجی لەسەر نەبوونی یەکگرتووییەکی ستراتیژی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چڕ کردەوە و ئەو نایەکگرتووییەی بە لاوازی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراق وەسف کرد و لەو چوارچێوەیەشدا، تیشکی خستە سەر کێشەی یەکلانەکردنەوەی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و گوتی، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی وایکردووە ٨٠٪ی پارێزگای کەرکووک دەست نەکەوێت، “پشکی کورد بۆ پارێزگاری کەرکووک کەوتووەتە گەرووی شێرەوە”، مەلا بەختیار وای گوت.

لەبارەی بەردەوامیی کێشەکانی هەرێم و بەغدایش گوتی: “نیوەی پەرلەمانتاران و کەسایەتییەکان و هەندێک لە حزبەکان بچن لە بەغدا بە نهێنی شکات بکەن، ژمارە بدەن و نهێنی بدرکێنن، بێگومان کێشەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا قووڵ دەبن و وەک پێویست چارەسەر ناکرێن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...