هه‌واڵ
ئاراستەکان

زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن

زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٢ هەزار و ٢٩٣ ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن، کە ٧٤٦ هەزار و ١٧٤ ئاوارەی ناوخۆیین و لەو ژمارەیەشدا زیاتر لە ١٣٥ هەزاریان لە کەمپەکاندا دەژین، کە زۆرینەیان ئێزدیین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دیندار زێباری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەوڵەکانی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان و دادگاییکردنی تاوانباران.

لێدوانەکەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەکاتێکدا دێت، ئەمڕۆ ٣ی ئابی ٢٠٢٤، ١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تێپەڕ دەبێت و هێشتا شنگال و دەوروبەری ئاوەدان نەکراونەتەوە و دانیشتوانی ناتوانن بگەڕێنەوە بە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و بوونی هێزی نایاسایی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: حکوومەتی هەرێم هاوکاری تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)ی کردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و داتا و دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی تیرۆریستان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان.

 

تا ئێستا چەندین وڵات و دامودەزگا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی  تاوانەکانی داعشیان دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساندووە کە ئەمانەن: ئەنجوومەنی ئاسایش، لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سووریا، ڕابیتەی زانایانی نێودەوڵەتیی جینۆساید، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمسیۆنی باڵای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، پەرلەمانی  وڵاتەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا، کەنەدا، سکوتلەندا، ئەرمینیا، ئوستورالیا، پورتوگال، ھۆڵەندا، بەلجیکیا، لۆکسمبۆرگ و ئەڵمانیا. وەک زێباری گوتی: “ئەم دانپێدانانە هەنگاوێکی گرنگە، شان بەشانی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند کە ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی و پشتگیری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە”.

بەگوێرەی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٢ هەزار و ٢٩٣ ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن، کە ٧٤٦ هەزار و ١٧٤ ئاوارەی ناوخۆیین و لەو ژمارەیەشدا زیاتر لە ١٣٥ هەزاریان لە کەمپەکاندا دەژین، کە زۆرینەیان ئێزدیین.

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە دیجیتاڵکردن و دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەکان کە بریتییە لە گۆڕینی ئەو بەڵگانەی پەیوەستن بە تاوانەکانی داعش کە لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم پارێزراون بۆ فۆرماتی دیجیتاڵی، توانراوە ٢٤ هەزار و ٩٦٥  فایل و ٤٠٨ هەزار و ٥٤٠ لاپەڕە لە بەڵگەنامەکان دیکیۆمێنت بکرێن. لە لایەکی دیکەوە تا ئێستا سێ هەزار و ٥٧٦  کەس لە ڕفێندراوان ڕزگار کراون، لەکۆی شەش هەزار و ٤١٧ ڕفێندراوی ئێزدیدا.

ئاماژەی بەوەش کرد کە لە میانەی هەماهەنگییان لەگەڵ یونیتاد و بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٢٦٩٧)ی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە ماوەی ڕابردوو بڕی (٤٥٫٩٥) گیگابایت زانیاری دیکیۆمێنت و لێکۆڵینەوە لەلایەن یونیتادەوە ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و لە داهاتووشدا ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە داهاتوودا دادگاکانی هەرێم دەتوانن سوودیان لێ ببینن لە دادگاییکردنی تاوانباران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...