هه‌واڵ

کەنەکە: حکوومەتی عێراق بە هێواشی دەچێتە سەر لۆژیک و هێڵی حزبی بەعس

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/کەنەکە، بڕیاری قەدەغەکردنی سێ پارتە کوردییەکە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بڕیارێکی سیاسی دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی عێراق بەم هەنگاوانە، هێواش هێواش دەکەوێتە سەر لۆژیک و هێڵی حزبی بەعس.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٧ی ئابی ٢٠٢٤، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/کەنەکە ڕاگەیەندراوێکی لە دژی بڕیاری قەدەغەکردنی سێ پارتی کوردی لە عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بڕیارەکە سیاسییە و لەژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیا دەرکراوە.

 

دوێنێ بڕیاری قەدەغەکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەریەک لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی و بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی لەلایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیەندرا، بەهۆکاری پەیوەندییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان/پەکەکە، کە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە وەک پارتێکی قەدەغەکراو ناسێندراوە.

 

کەنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا بەتوندی ڕەخنە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە سیاسییانە دەگرێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی عێراق بەم هەنگاوانە، هێواش هێواش دەچێتە سەر لۆژیک و هێڵی حزبی بەعس.

 

کەنەکە، پێداگیری لەسەر ئەوەش دەکات، ئەو بڕیارە تەنیا دژی چەند پارت و لایەنێکی کوردی نییە، بەڵکوو بە دژی هەموو گەلی کوردستان دەرکراوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

داخستن و قەدەغەکردنی پارتە سیاسییەکان لە عێراق بڕیارێکی سیاسی دژ بە بەرژەوەندی گەلی کوردە!

 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە 2024.08.05 بڕیارێکی بۆ داخستنی سێ لایەنی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان (تەڤگەری ئازادی)، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی (پادێ)، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی. ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و لەژێر گوشاری دەوڵەتی تورکیا دراوە.

 

وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆرە سەردانی شاندەکانی هەردوو وڵات زیادی کردووە و لەم دیدار و دانیشتنانەدا لەسەر زۆر خاڵ لە دژی بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کوردستان ڕێککەوتوون. لەم دواییانەشدا ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 2024.04.22 سەردانی عێراقی کرد و لە ئەنجامدا  ڕێککەوتنێکی 26 خاڵی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا. لە نێو ئەو ڕێککەوتنەدا گرنگترین بڕگە ئەوانەن کە دژی بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کوردستانن. پێویستە هەموو کورد و کوردستانییەک بزانن کە سەردان و ڕێککەوتنی داگیرکەران لەسەر بنەمای باش بۆ ئێمەی کوردستانیان نییە. دوای ئەم سەردانانە، حکوومەتی عێراق ناوی پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک هێزێکی قەدەغەکراو ناونا و عیراق کەوتە سەر هێڵی دژایەتی. ئێستاش بڕیاری قەدەغەکردنی سێ پارتی دیکەی کوردی ڕاگەیاند.

 

بڕیاری قەدەغەکردنی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان لە یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی شەنگالدا بە ڕێککەوت نییە. بڕیاری دەستوەردان لە ویست و ئیرادە و باوەڕدارانی ئێزدی، بەردەوامیی هێرشەکانی داعشە بۆ سەر خەڵکی ئێزدی.

 

ڕەنگە ئەم بڕیارە و ئەم کردەوەیە لە دژی هەندێک لایەنی کوردستان دەردەکەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا دژی هەموو خەڵکی کوردستانە و ئامانجی تێکدانی بەرژەوەندی گەلەکەمانە. بەم بڕیار و کردەوانە هێواش هێواش حکوومەتی عێراق دەکەوێتە سەر لۆژیک و هێڵی حزبی بەعس. ئەگەر پێش بەم سیاسەتە ناڕەوایە نەگیرێت، هەموو خواستەکانی گەلی کوردستان، بە پێگەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستانیشەوە، تێکدەشکێن. پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان و هەموو هێزە دیموکراسییەکانی عێراق و هەموو عێراقییەکان کە وڵاتەکەیان خۆشدەوێت ئەم مەترسییە ببینن، ئەم بابەتە بە جددی وەربگرن و دژی ئەم هەڵوێستە بوەستن.

 

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی دوو پارتی کوردستانین و هەروەها ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانن. کەنەکە دژی داخستن و قەدەغەکردنی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەیە. کەنەکە ئەو ئەو پارتانە بە پارتی شەرعی دەزانێت. کەنەکە بڕیارە سیاسییەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕەتدەکاتەوە و ئیدانە دەکات.

 

بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین و دەڵێین ئەم ڕێگا داخراوەی ئێوە ڕێگایەکی هەڵەیە و پێویستە بە زووترین کات ئەو بڕیارە سیاسییە هەڵوەشێننەوە.

جگە لەوەش داوا لە هەموو هێز و لایەن و دامودەزگاکانی کوردستان دەکەین دژی ئەم بڕیارە بوەستن و بەرژەوەندی گەلی کوردستان بپارێزن.

 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

2024.08.07 برۆکسل

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button