هەڵبژاردنی سەنوار بۆ شوێنگرتنەوەی هەنییە، ڕاستە ڕۆڵ و ویستی ئێران زۆر بە ڕوونی دەردەخات، بەڵام ئێران تاکە هۆکار نییە. نەتانیاهۆ تا ئەوپەڕی ڕۆیشتووە، نە کۆنتڕۆڵ دەکرێت لە لایەن ئەمریکاوە، نە فشاری ناوخۆ و دەرەکی کاری لێدەکات، نە بەرەی مقاوەمە و حەماس دەتوانن بە گورزی سەربازی لە مەیداندا سنوورێکی بۆ دانێن، نە پرسی بارمتەکان کاریگەری هەیە. ئەمە دۆخێکی دروست کردووە نە قەتەر و نە ئێران و نە تورکیا، ئیتر بۆ پڕوپاگەندەش نایانەوێت میوانداری سەرۆکی حەماس بکەن. چونکە نەتانیاهۆ بێگوێدانە کەس، دەیانکوژێت و دەوڵەتی بەرانبەریش یان دەبێت سەرکێشییەکی گەورە بکات و وەڵامێکی جددی ئیسرائیل بداتەوە، یان دەبێت ئەو سووکایەتی و ئیهانانە قبوڵ بکات، وەک ئێران. بۆیە لەوانەیە قەتەر پێی باش بێت سەرۆکی حەماس لە دەرەوەی وڵاتەکەی بێت. هیچ وڵاتێکی تریش قبوڵی ناکات یان ناتوانێت بیپارێزێت، بۆیە گەڕانەوەی سەرۆکی حەماس بۆ ناو غەززە تاکە بژاردەیە.
حەماس بووە بە گرووپێکی سەر بە پاسداران، ئەستەمە لەم کاتەدا بتوانێت لە فەرمانی ئێران لابدات. لەوە دەچێت ئێران سەنواری پێباش بێت.
بەپێی سەرکردەکانی حەماس، گەڕانەوەی دەسەڵات و حوکمڕانی حەماس لە غەززە بۆ پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئیتر خەونێکە و نایەتە دی. یان دەبێت ئاڵای سپی بەرز بکەنەوە، یان دەبێت بەردەوام بن لەو خۆکوژییە. ئەوان بەردەوامی دەدەن بەو خۆکوژییە، هەڵبژاردنی سەنوار سەلمێنەری ئەوەیە.
لێکەوتەکانی چی دەبن؟ بەدڵنیاییەوە ئەم هەنگاوە لەگەڵ ویست و سیاسەتی نەتانیاهۆ یەک دەگرێتەوە، بەردەوامیدان بەو شەڕە تا ساڵێکی تر. کاولکردنی زیاتر لە غەززە و کوشتن و ئاوارەکردنی زیاتر، ڕێگە خۆشکردن بۆ فرەوانکردنی جەنگەکە.
بۆ پرسی دانوستان و بارمتە و ئاگربەست، لەوە ناچێت گۆڕانکاری ڕووبدات. چونکە پێشتریش ئەو پرسە لە لایەن محەمەد زەیف و یەحیا سەنوار و مەڕوان عیساوە بڕیاری لەسەر دەدرا. دوای کوشتنی زەیف و مەڕوان عیسا، ئێستا ئەو مەسەلەیە لای یەحیا سەنوار و محەمەد سەنواری برایەتی. دانوستانەکان هەر لە دەرەوە بەردەوام دەبن لە لایەن سەرکردەکانی حەماس، بە تایبەت خەلیل حەییە، بڕیاری کۆتایی لای سەنوار دەبێت.
حەماس بەو کارە ویستی پەیامێک بداتە ئیسرائیل کە ئاڵای سپی بەرز ناکەنەوە، نەتانیاهۆش ئەوەی دەوێت. دواجار هاوکێشەکە بەم شێوەیەیە: کوشتنی یەک ئیسرائیلی یەکسانە بە کوشتنی زیاد لە ٥٠ فەڵەستینی. تێگرتنی یەک مووشەکی حەماس کە تا ئێستا یەک کەسی نەکوشتووە و یەک باڵەخانەی نەڕووخاندووە، یەکسانە بە ڕووخاندنی دەیان خانوو و باڵەخانەی غەززە کە دەبێتە مایەی ئاوارەبوونی هەزاران کەس. ئەم هاوکێشەیە بۆ ساڵێکی تر بەردەوام بێت زیانی بۆ کێ هەیە؟ جگە لەوەی حەماس بە بەردەوامی سەرۆک و سەرکردە سەرەکییەکانی دەکوژرێن.
ناڕەزایەتییەکی زۆر هەیە لە ناو غەززە دژ بەو بڕیارە. بەشێک لە هاووڵاتییانی کەرتەکە پێیانوابوو کە سەنوار دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت بە هۆی ئەو کارەساتەی بەسەر شار و خەڵکەکەی هێنا، نەک بکرێتە سەرۆکی بزووتنەوەکە.
یەحیا سەنوار سێ جار زیندانی کراوە لە ئیسرائیل، سێیەم جار لە ١٩٨٨ حوکمی هەتا هەتایی بۆ دەرچوو. لە کاتی زینداندا تووشی نەخۆشییەکی مەترسیدار دەبێت لە مێشکیدا، دەسەڵاتی ئیسرائیل نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدەدەن و چارەسەری دەکەن. هەر لە زیندان، کە زیاد لە بیست ساڵی تیا بەسەر دەبات، زمانی عیبری فێر دەبێت و دەڵێن زۆر بایەخ بە میدیاکانی ئیسرائیل دەدات. هەندێک ئاماژە بەوە دەدەن کە مرۆڤێکی توڕەیە و کێشەی دەروونیشی هەبووە لە زینداندا.
لە ٢٠١١ لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی زیاد لە هەزار دیلی فەڵەستینی بەرانبەر بە سەربازێکی ئیسرائیلی “جلعاد شالیگ”، سەنوار ئازاد کرا. ئیسرائیل لە کاتی ئاڵوگۆری دیلەکان، ناوی چەند دیلێکی فەڵەستینی لابووە کە ئامادە نەبووە لەگەڵ ئەو زیاد لە هەزار دیلە ئازادیان بکات، دەگوترێت یەحیا سەنوار یەکێک نەبووە لەو ناوانە. دیارە دەسەڵاتی ئیسرائیل پێیوابووە سەنوار نەخۆشە و لەوانەیە توانای ڕێکخستن و سیاسەتی سنووردار بێت. یاخود بە کەسێکی مەترسیدار دانەنراوە بە تایبەت دەگوترێت لە کاتی چاوپێکەوتن و قسەکردنی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، ڕۆژنامەنووس و کارمەندەکانی ناو زیندان، وەک کەسێکی میانڕەو دەرکەوتووە و باوەڕی بە ئاشتییەکی کاتی هەبووە. هەر خودی سەنوار بە ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلی گوتووە کە ئەو دەزانێت حەماس ناتوانێت لە سوپای ئیسرائیل بباتەوە.
سەنوار یەکێکە لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایشی سەر بە حەماس، کە زیاتر تایبەت بوو بە گرتن و کوشتنی ئەو فەڵەستینییە خاینانەی لەگەڵ ئیسرائیل کار دەکەن. بەو تۆمەتە ژمارەیەک فەڵەستینی کوشتووە و دەگوترێت کەسێکی زیندەبەچاڵ کردووە. تەنانەت پێش دامەزراندنی حەماس، سەنوار لەگەڵ ئەحمەد یاسین لە سەرەتای هەشتاکان دەستدەکەن بەو جۆرە چالاکی و ڕێکخستنە. لە ناو بەشێک لە خەڵکی غەززە سەنوار بە “جزار خان یونس” ناسراوە. واتە قەسابەکەی خان یونس، کە ناوچەیەکە لە باشووری غەززە. سەنوار خۆی وەک ئاوارەیەک لە ئۆردوگاکانی ئەوێ گەورە بووە.
لە ساڵی ٢٠١٧ دەبێتە سەرۆکی حەماس لە غەززە، هەنییە دەبێتە سەرۆکی مەکتەب سیاسی، لێرەوە حەماس دەچێتە قۆناغی بوون بە میلیشیایەکی ئێرانی، ئێستا لە لوتکەی ئەو قۆناغەیە. بەپێی هەندێک سەرچاوەی ناو غەززە، ئەم گۆڕانکارییە محەمەد زەیف و مەڕوان عیسا ڕابەرەکەی بوون.
ماوەیەک پێش هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، یەحیا سەنوار، لە گوتارێکیدا (ڤیدیۆکە) بە فەرمی و ئاشکرا و ڕوونی بانگەشە بۆ درووستکردنی میحوەری قوودس دەکات بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران و بەشار ئەسەد و حزبوڵا و حووسییەکان و حەشدی شەعبی. شایەنی باسە هەر ساڵێک پێش ئەو ڤیدیۆیە، ئیخوانییەکان و حەماس بەشار ئەسەدیان بە تاغووت و کافر دەزانی و خۆپێشاندەرانی سووریا بە جیهادی و ئازادیخواز و شەهید. کەچی لەو گوتارەدا سەنوار دەڵێت “…فنتصالح مع سوريا الأسد، التي تمثل أحد ساحات الحشد و الإرتكاز ، وجندُ بالشام”.
سەنوار خۆی دەیگوت تەل ئەڤیڤ بووە بە قیبلەی سەرۆکەکانی وڵاتانی عەرەبی، بەڵام خۆشی تارانی کردە قیبلەی حەماس. ئایا هیچ ئیخوانییەک لە جیهاندا دەتوانێت بیسەلمێنێت کە بە هەموو مێژووی تەل ئەڤیڤ نیوەی ئەم ١٥ ساڵەی تاران مسوڵمانی کوشتووە و سوننەی ئاوارە و زیندان و زەلیل کردووە و وڵاتیانی وێران کردووە؟
سەرەتای جەنگەکە نووسیم، غەززە و ئەو زیاد لە دوو ملیۆن مرۆڤەی تیایەتی، ئەگەر ئەمریکا ڕزگاریان نەکات، هێز نییە ڕێگە لە ئیسرائیل بگرێت و شارەکە کاول دەکات بەسەر هەر دوو ملیۆنەکە. ئێستاش بڕیارەکەی حەماس و ئێران و ئیخوانییەکان، لەگەڵ نەتانیاهۆ، تەنیا و تەنیا بەردەوامیدانە بەو پڕۆسەی سڕینەوەیە. بە پێی ئەوەی ئیخوان و ئێران دەیکەن، ئەگەر هەیە لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگەکە، ژمارەی کووژراو لە غەززە بگاتە نزیکەی ٢٠٠ هەزار ، بریندار و کەم ئەندام ٢٠٠ هەزار تێدەپەڕێنێت، بە دڵنیاییەوە سەروو ١ ملیۆن غەززە بەجێدەهێڵن. بۆ زیاد لە ١٠ ساڵیش شارەکە بۆ ژیان گونجاو نابێت. لە ئەنجامیشدا، لە دوای ئەو هەموو کارەسات و قوربانیدانە ترسناکە، بە دڵنیاییەوە یەک بست خاکی فەڵەستین ئازاد ناکرێت. لە باشترین دۆخدا، سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە لە غەززە هەر وەک پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، بەڵام دوای بە خۆڵەمیشکردنی غەززە و ئاوارەکردنی هەموو خەڵکەکەی.
هەر چەند ئەم هەنگاوە هەندێک گفتوگۆی شەرعی هەڵدەگرێت، ئایا بەپێی شەرع کەسێکی شاراوە کە ئازاد نییە و ناتوانێت دەربکەوێت و هاتوچۆ بکات، دەبێت بکرێتە سەرۆک یان نا؟! بە تایبەت ئەگەر بەدیلی تر هەبێت.