هه‌واڵ

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە لەبارەی مووچە

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنێت، دوای زیاتر لە مانگێک لە ناردنی لیستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، تەنیا بەڕێژەی (٠٠.١٤٪)ی کۆی پارەی پێویست بۆ مووچە لە بەغداوە ڕەوانە کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا، لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕەتی دەکاتەوە، هۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم بێت.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕێگایەوە چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە زیادبوونی تەمویلی مووچە و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرە و هتد…..                                                       ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی دەخەینە ڕوو:

 

  • سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغدا، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاسا و دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکوومەتی عێراق سوودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی هاوکارییەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردوولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بوونی مووچە و هاوکاری لەیەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دووبارەبوونەوە هەبێت ڕاستتر وابوو هاوکارییەکە ڕابگیرێت، نەک مووچە، لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، و دەبووایە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدڕاڵ لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایە و چۆنیەتی سزا و بڕەکەیان دیاری بکردایە، کە ڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.

 

  • سەبارەت بە کێشەی نەبوونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە، بەهەندێک هۆکاری جیاواز، لەوانە بوونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و هتد… ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکوومەتی هەرێم بەفەرمی گوتوویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کە هەموو هاوڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.

 

  • بەشێکی تر لەو ناوە دوبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکی حکوومەتی هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمی هاوبەشە دوای بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە (تشابە الاسما‌ء)، و هیچ یاساشکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردوون.

 

  • سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکووک و فەرمانگەکانی تری کەرکووک کە میلاکیان لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ئەوەش کێشەیەکی کۆنە و لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەردەوامە تاکو ئێستا، وەکوو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیە و پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە ڕێککەوتنی سیاسی.

 

  • سەبارەت بە زیادبوونی تەمویلی مووچەی نێوان مانگی (٦و ٧)ـ ٢٠٢٤، بە پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی ناردووە و بڕی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجاو چوار ملیار و دووسەد و هەشت ملیۆن دینار زیادبووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببردرێت، تەمویلی داواکراو نزیکەی ٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠ نۆ سەد و پەنجا و شەش ملیار و هەشت سەد و حەفتا و ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کە نزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی خەرجی کردووە.

 

لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکوومەتی هەرێم لەدوای ساڵی ١٩٩٢وە دابڕانێکی دوور و درێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی تا دەرچونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بەمووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

 

لەدوای ئەو بڕیارەوە هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریارییەکان یەک بخەن، کە ئەمەش کارێکی ئاڵۆز و پڕ گرفتە.

ئێمە لەساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.

 

داواکارین لەوەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەرکردنی ڕێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەرییانەی تائێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف)ی بەرانبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات. چونکە پێمان وایە ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینییانە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها بەبڕیارێکی ئیداری.

 

بەبیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە دوای (٣١) ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی (١،٤٢٦،٠٠٠،٠٠٠) تەنها یەک ملیار و چوار سەد و بیست شەش ملیۆنی دەرکردووە بۆ تەمویلی مووچەی دیوانی چاودێری دارایی  و دەستەی نەزاهە و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14) کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

 

ئیتر مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خۆتان قەزاوەت بکەن کێشەکە ( ئیداری و دارایی و ژمێریارییە یان سیاسی؟!).

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری

٢٠٢٤/٨/٢١

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button