هه‌واڵ

ئەنجامی سەردانەکەی مەسعوود بارزانی بۆ دهۆک ڕادەگەیەنرێت

زێدپرێس

 

بەگوێرەی بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی پێشووی هەرێم، لە ئەنجامی سەردانەکەی بۆ پارێزگای دهۆک، چەند “فەرمان”ێکی داوە و سەرۆکی حکوومەتیش ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنیان دەرکردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئامینە زکری بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پارتی، ئاماژەی بە ئەنجامەکانی سەردانەکەی مەسعوود بارزانی کرد بۆ دهۆک و ڕوونیکردەوە، کە لە سەردانە شەش ڕۆژییەکەی بارزانی بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ، لە دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ چین و توێژەکاندا، هەڵوەستەی لەسەر چوار تەوەری سەرەکی کردووە:

 

  • پێویستە گەلی کوردستان لەبیری نەکات کە خاوەن دۆزێکی ڕەوایە و کێشەی ئێمە پرسی خاک و سنوری جوگرافییە.
  • تەوەرێکی دیکەی جێی بایەخی مەسعوود بارزانی، قسەکردن بووە لەسەر “پیلانی دوژمن بەڕێگای ماددەی هۆشبەر و مەترسی لەسەر کۆمەڵگا و بێ ئیرادەکردنی تاکی کورد و لاوازکردنی کەسایەتی مرۆڤ”.
  • مەسعوود بارزانی باسی لەوە کردووە، کە “پێویستە تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین و ژێرخانی ئابووری هەرێم بەهێز بکەین”.
  • تەوەرێکی دیکە، بە پێویستزانینی فرەکردنی سەرچاوەکانی ئابووری و لەناویاندا گرنگی پشتبەستن بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتاری بووە.

 

بەگوتەی ئامینە زکری، لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، خەڵکی پارێزگاکە، پێشنیاز و ڕەخنە و داواکاریی خۆیان خستووەتەڕوو و ئاشکرای دەکات، کە زیاتر لە ٤ هەزار داواکاری کەسی، پێشکەشی مەسعوود بارزانی کراون و سەرجەم داواکارییەکان لەلایەن دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی سەربە سکرتاریەتی سەرۆکی پارتی وەرگیراون.

بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پارتی، ڕوونی دەکاتەوە، هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە خەڵکەکە داوایان کردووە، “جەنابی سەرۆک ڕاستەوخۆ بڕیاری جێبەجێکردنیدان” و زیاتر دەڵێ “لەسەر فەرمانی جەنابیان(مەسعوود بارزانی)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردن و تەرخانکردنی پارەی پێویست دا”.

لەو چوارچێوەیەشدا، ئامینە زکری ئاماژە بە ژمارەیەک پڕۆژە لە سنوری پارێزگای دهۆک دەکات، کە لەلایەن بارزانییەوە بڕیاری جێبەجێکردنیان دراوە، بەم شێوەیە:

 

لە بواری خزمەتگوزاری گشتیدا:

  • دابینکردنی زیاتر لە ١٨ ملیار دینار بۆ ٢٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دەڤەری سێمێل (ڕێگەوبان، کارەبا، پەروەردە، ئاو و ئاوەڕۆ و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی).
  • دروستکردنی باڵەخانەی کۆلیژی پەروەردەی بنیات لە ئامێدی.
  • دروستکردنی باڵەخانەی دادگە لە ئامێدی.

بۆ ھەردوو پڕۆژەکە زیاتر لە ٩ ملیار دینار تەرخانکراوە.

  • دروستکردنی ھۆڵێکی بۆنەکان لە قەزای بەردەڕەش، کە زیاتر لە ٧ ملیار دیناری بۆ تەرخانکرا.
  • دروستکردنی یاریگەی تۆپی پێی سێمێل کە زیاتر لە ٥ ملیار دیناری بۆ تەرخانکرا.
  • دروستکردنی پڕۆژەی تونێلی پێرس بە درێژایی (٣٠٠٠م) و زیاتر لە ١٤١ ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکرێت.
  • بڕیاری دروستکردنی مۆزەخانەی (کەلی نزارکێ).
  • جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، بە گوژمەی ١٠٩ ملیار دینار.

 

لەبواری گەشتیاریدا:

تا ئێستا ئەم پڕۆژانە جێبەجێکران و بەردەوامن:

  • دانانی بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری لە سۆلاڤ- ئامێدی کە (ھۆتێل، مەلەوانگە و مۆتێل) لەخۆدەگرێت.
  • دانانی بردی بناغەی گەراجەکی سێ نھۆمی لە سۆلاڤ- ئامێدی.
  • نۆژەنکرەنەوە و دروستکردنی ڕێگەوبان و بازگەی نێوان دهۆک و پارێزگای مووسڵ.
  • قەدەغەکردنی بە کرێدانی باخ (مەزرەعە) بە گەشتیاری بیانی.
  • جێبەجێکردنی کۆڕنیش لە سەر ڕوباری شین.

 

لەبواری کشتوکاڵیدا:

  • سازکردنی ڤیستڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە ئاکرێ.
  • بڕیاری دروستکردنی کارگەی سماق لە ئاکرێ.
  • بڕیاری سازکردنی ڤیستڤاڵی تەحین لە ئاکرێ.
  • ئامادەکاری بۆ سازکردنی فیستڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە دەڤەری بەرواری.
  • سازکردنی فیستڤاڵی ترێ و هەنگوین لە سەر ئاستی پارێزگای دهۆک.

 

وەک بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پارتی ئاماژەی بۆ دەکات، جگە لەو خاڵانەی سەرەوە، وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە ڕاگیراوە و سەرجەم شوێنەکانی (دۆمبەلە) لەسەر ڕەخنە و گلەیی خەڵکەکە داخران و لایەنەکانی ئەمنیش ئاگەدارکرانەوە، کە بە جددی بەرەنگاری ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە، بەتایبەت ڕێکاری توند لە دژی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەبەربگیرێت و هەر بۆ هەمان مەبەستیش لە ڕۆژانی داهاتوودا، کۆنفرانسەکی زانستی لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە دهۆک ساز دەکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...