هه‌واڵ

ڤیان دەخیل داوای بە هاناوەچوونی ئاوارە ئێزدییەکان دەکات

زێدپرێس

ڤیان دەخیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، پرسی ئاوارەکان و لەناویاندا ئاوارەکانی ئێزدی بکاتە یەکێک لە کارە هەرە لە پێشینەکانی حکوومەت و لە دۆخی سەختی ئاوارەیی، دەربازیان بکرێن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوێنێ شەمە ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، لە نامەیەکدا، داوای لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە حکوومەت گرنگی زیاتر بە بارودۆخی نالەباری ئاوارەکان بدات.

پەیامەکەی ڤیان دەخیل، دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی داودیەی سنووری شارۆچکەی ئاکرێ هات، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٥ کەرەڤانەی ئاوارەکان سووتان، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی لێ بکەوێتەوە.

کەمپی داودیە، ئاوارەکانی شنگالی تێدا نیشتەجێن.

ڤیان لە نامەکەدا دەڵێ “ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بەشێکە لەو بارودۆخە سەختەی کە ماوەی نۆ ساڵە خەڵکی شنگال لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک پێیدا تێدەپەڕن، هەروەها شکستی حکوومەتی فیدراڵی لە جێبەجێنەکردنی ئەو ڕێککەوتنەی شنگال، کە لەنێوان بەغدا و هەولێر ئەنجامدراوە، کە تێیدا  ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەی دابینکراوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، باس لە پشتگوێخستنی ئاوارەکانی کەمپەکان دەکات لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، کە دوای نۆ ساڵ، کەرەڤانە و چادرەکان تووشی دڕان و تێکچوون بوون، بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بۆ نوێکردنەوە و چاککردنەوەیان بکرێت.

ئەو، لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێ “ئەو کەمە هاوکارییەی حکوومەت بۆ ئاوارەکانی دابینکردووە، بارودۆخی ئاوارەکانی سەختتر کردووە. لەو بارودۆخە نالەبارەی کە خۆیان تێیدا دەژین” و لەو ڕوانگەیەوە، داوا لە سوودانی دەکات، هەنگاوی کرداری بنێن بۆ ڕزگارکردنی ئاوارەکان لەو دۆخە سەختەی تێیدا دەژیین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...