هه‌واڵ

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت نیشتمان ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان بێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “ده‌بێت وێڕای هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان، نیشتمان ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان بێت”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو گوتانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانەی پەیامێکیدا هات، کە ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤، لە سی و شەشەمین ساڵیادی ئەنفالی بادینان بڵاویکردەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا، ئەوەی بیرخستووەتەوە، کە دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفالی به‌ جینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ناساندووه‌، لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ: “دووباره‌ داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌. له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت باشتر خزمه‌ت به‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزیان بكرێت و له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام بین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ جینۆساید بناسرێت”.

هەر لە پەیامەکەدا هاتووە: “هه‌رێمی كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی، به‌رهه‌می گیانی پاك و خوێنی هه‌زاران شه‌هید و فرمێسكی هه‌زاران دایكی جگه‌رسووتاو و ئه‌نفال و كیمیاباران و خه‌بات و قوربانیدانی كوردستانییانه‌‌، بۆیه‌ ئه‌ركی هه‌موومانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارێزگاری و به‌رگری لێ بكه‌ین. ده‌بێت وێڕای هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان، نیشتمان ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان بێت”.

 

دەقی پەیامەکە:

 

ئه‌مڕۆ یادی خه‌مگینی (36) ساڵه‌ی ئه‌نفالی بادینان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ 25ی ئاب تا 6ی ئه‌یلوولی 1988 له‌ دوا قۆناغی ئه‌نفالدا، خه‌ڵكی سڤیل و ئاو و هه‌وا و خاك و سروشتی ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه. سڵاو‌ له‌ گیانی پاكی (182) هه‌زار ئه‌نفالكراوی كوردستان كه‌ هه‌ر له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ تا دوایین گوندی بادینان، بوونه‌ قوربانیی تاوانه‌كانی ڕژێمی ئه‌وسای عێراق.

 

دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفالی به‌ جینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ناساندووه‌، بۆیه‌ دووباره‌ داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌. له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت باشتر خزمه‌ت به‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزیان بكرێت و له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام بین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ جینۆساید بناسرێت.

 

هه‌رێمی كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی، به‌رهه‌می گیانی پاك و خوێنی هه‌زاران شه‌هید و فرمێسكی هه‌زاران دایكی جگه‌رسووتاو و ئه‌نفال و كیمیاباران و خه‌بات و قوربانیدانی كوردستانییانه‌‌، بۆیه‌ ئه‌ركی هه‌موومانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارێزگاری و به‌رگری لێ بكه‌ین. ده‌بێت وێڕای هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان، نیشتمان ئامانج و كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان بێت.

 

له‌م یاده‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ عێراق په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو وه‌ربگیرێت و مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی پارێزراو بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هه‌موومان پێكه‌وه‌ داهاتوویه‌كی باشتر بۆ نه‌وه‌كانی ئێستا و داهاتوومان مسۆگه‌ر بكه‌ین.

 

دروود بۆ گیانی شه‌هیدانی ئه‌نفال و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان. سوپاس و پێزانین بۆ خه‌ڵكی جوامێری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری كه‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌ له‌ جێژنیكان به‌ هانای لێقه‌وماوانی بادینانه‌وه‌ چوون. میهره‌بانی و هه‌ڵوێستی نیشتمانییان هه‌رگیز له‌بیر ناچێته‌وه‌.

 

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

2024/8/25

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...