هه‌واڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو پێشنیاز لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پەسند دەکات

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و هەشتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دا و دوو پێشنازی لەبارەی حاڵەتەکانی دوومووچەیی و ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەترییان نەکردووە، بە سوودانی گەیاندووە و سەرۆکوەزیران هەردوو پێشنیازەکەی پەسندکردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی دوێنێ ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا ئەمڕۆ ڕاسپاردە بدات بە خەرجکردنی مووچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی حەوت و هەفتەی داهاتووش مووچەی مانگی هەشت خەرج بکرێت”، شاخەوان عەبدوڵا وای گوت.

زیاتر دەڵێ: “لەبارەی ئەو گرفتانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دروستی کردووە بە بڕینی مووچەی چەند توێژێک لەبەر چەند هۆکارێک پێشنیازمان کرد، ئەوانەی دوو جار ناویان هاتووە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لە هەرێم و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان هەیە، نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی کاری فیدڕاڵی بکرێت بۆ ئەوەی مووچەیان ببڕێت نەک بڕینی مووچەکانیان کە سەربە حکوومەتی هەرێمە”.

شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوە دا، ئەو فەرمانبەرانەی بایۆمەتریان نەکردووە، مانای ئەوە نییە وجودییان نییە و نابێت مووچەکانیان ببڕن، هاوشێوەی ئەوان لە حکوومەتی فیدڕاڵیش هەیە کە بایۆمەتریان نەکردووە.

لەوڕووەوە، پێشنیازی کردووە، گشتاندنێک بکرێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی فیدڕاڵی و هەرێم، ماوەیەک دیاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی بایۆمەتری و بە پێچەوانەوە، مووچەکانیان ببڕدرێت، نەک ئەوەی لە ئێستاوە مووچەکانیان ببڕدرێت.

زیاتر دەڵێ: “باسمان لەوە کرد حکوومەتی هەرێم لەو پڕۆسەیە زۆر خێرایە و لەسەرەتای ساڵەوە لە کۆی ٦٠٠ هەزار فەرمانبەر کە بایۆمەتریان نەکردبوو، ئیستا تەنها ١٠٠ هەزار ماون و پڕۆسەکەش بەردەوامە”.

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی: “هەردوو پێشنیازم لاپەسەندە و کاری لەسەر دەکەین”.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دڵنیایی بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەدا، بەوەی: “هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە دەیخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمیزاجی شەخسی وەزیرێک یان کەسێک دەربکەین و بچێتە چوارچێوەی دامەزراوەی فەرمی هەردوو حکوومەت و یاسا بەرکارەکان”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...