هه‌واڵ

سزای ٢٠ ساڵ زیندانیکردن بەسەر دوو مامۆستای زمانی کوردیدا سەپێندرا

زێدپرێس

 

ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، دوو چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و هەروەها لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سنە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەرکامەیان سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا ئیدریس مینبەری و سروە پوورمحەممەدی، لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی، هەریەک سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە ڕۆژی پێنجشەم، ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەشێوەی فەرمی بە جوانمێر عەبدوڵڵاهی و هێمن مەجیدی، پارێزەری ئیدریس مینبەری ڕاگەیێندراوە.

ئیدریس مینبەری لە لاپەڕەکەی خۆی نووسیویەتی، ئەو سزا بە تۆمەتگەلی وەکوو “شوێنکەوتنی لاپەڕەکانی هەنگاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، ڕەواییدان بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕێبەری ئەنجوومەنی کولتووری نۆژین بەمەبەستی دانانی کارگەی فێرکاری لەبارەی فیدڕاڵیزم” و ژمارەیەک تۆمەتی دیکە بەسەریدا سەپێندراوە.

ڕێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە، کە ئیدریس مینبەری، پێشتر لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی بەهمەن ئومیدزادە، بەتۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” سزای یەک ساڵ بەندکرانی بە ئەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان و هەروەها، ٤٠ قامچی نمرە ٦ بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لە سنە، پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و دوای تێپەڕکردنی ٤٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دادگاییکردنی ئازادکراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هاوکات لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی نۆژین دەستبەسەرکرابوو.

هەروەها سروە پوورمحەممەدی، دوای ڕۆیشتن بۆ دادگای شاری سنە، بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی نۆژین، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.

وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بۆ کردووە، دوای پڕۆسەی لێپرسینەوە و تێگەیاندنی تۆمەتەکانی بەدانانی بارمتە لە بەندی ناوەندی چاکسازی و پەروەردە و بەندیخانەی ناوەندیی سنە، ئازادکراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...